كەركووك.. دوو بەرپرسی باڵای شارەکە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 21/7/2020، ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك و چالاكوانی دیاری كۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەكە، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دەستپاكیی عێراق گەندەڵی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی كەركووك و ستافێكی حەوت كەسی لە پەروەردەی كەركووك ئاشكرا كردووە كە گەندەڵییان كردووە و پارەیان بەهەدر داوە، بۆیە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە".
گوتیشی: "هەر بەتۆمەتی گەندەڵی لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكیی عێراق، فەرمانی دەستگیركردن بۆ (فەلاح یایچیلی) قایمقامی ناوەندیی كەركووك بە وەكالەت دەركراوە كە ئەو سەرۆكی نەهێشتنی زیادەڕۆیە لە كەركووك كە لە هەندێك شوێنی كەركووك چاوپۆشی كردووە و دیارە كە پارەی وەرگرتووە و زیادەرۆكانی نەروخاندووە بۆیە ئێستا ئاشكرا بووە".
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە لە فەرمانگە حكوومییەكانی شارەكە گەندەڵی دەكرێت و ماڵی گشتی بەهەدر دەدرێت، لە بەرانبەردا بە دەیان بەرپرسی کورد لە پۆستە جیاجیان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و عەرەب لە شوێنەکانیان دانراوە.
باسنيوز
