روونکردنەوە لە بارەی ڕێنمایی تازەی خانەنشینکردنی فەرمانبەران دەدرێ
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: "بەپێی یاسای چاکسازی کە ڕێنمایش دەرکراوە، هەر فەرمانبەرێک 15 ساڵ خزمەتی فیعلی و 45 ساڵ تەمەنی هەبێت دەتوانێت داوای خانەنشینی بکا، کاتی خۆی دەبوو تەمەن 50 ساڵ بێ ئێستا کەمکراوەتەوە".
گوتیشی: "ئەوانەی پێشوو کە کەمتر لە 45 ساڵ خزمەتیان هەبووبێ خانەنشین کرابن، ئەو یاسا و ڕێنماییە تازانە نایانگرێتەوە".
جەختیشی کردەوە، مەرجی 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی فیعلی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
ئاماژەشی بەوەدا، کە پێشووتر ڕێنماییەک هەبوو هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە کەمتر له 45 ساڵ خزمەت خانەنشین دەکران، بەڵام ئێستا بەم جۆرە نابێ.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر یەکێک هۆکاری نەخۆشی هەبێ دەتوانی بە دەر لە 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەن خانەنشین بێ، گوتیشی: "هۆکاری نەخۆشی ئەوەیە کە مووچەخۆرەکە ڕاپۆرتی پزیشکی بهێنێت کە کێشەی لە هەندێک لە ئەندامانی جەستەی هەیه و ناتوانێ بەردەوام بێ لە خزمەت".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 244 هەزار خانەنشین هەیە مانگانە لە سەرووی سەد و 10ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێ.
باسنیوز
