تەنیا هەشت پەرلەمانتار خانەنشینییان ڕەت كردۆتەوە كە بەشێكیان مەرجەكانی خانەنشینكردنیان تێدا نییە

تەنیا هەشت پەرلەمانتار خانەنشینییان ڕەت كردۆتەوە كە بەشێكیان مەرجەكانی خانەنشینكردنیان تێدا نییە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە تا ئێستا، تەنیا هەشت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینییان پڕكردووەتەوە.

لە ١ی ٧ی ٢٠٢٠ەوە وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی رەتكردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران دەستی پێكردووە و پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، دەتوانن فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە و مووچەی خانەنشینی ڕەت بكەنەوە.

لەمبارەیەوە سامان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕايگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى یاساى چاكسازى كه‌وته‌ باری جێبه‌جێكردنەوە، په‌رله‌مانى كوردستان فۆرمى خانه‌نشینانى په‌رله‌مانى بڵاو كردوه، فۆڕمەكە بۆ ئەو په‌رله‌مانتارانه‌ىە كە ده‌یانه‌وێت خانه‌نشین نەكرێن.

ڕوونیشی كردوەوە كە تائێستا هەشت ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان فۆڕمەكەیان پڕكردۆتەوە و مووچەی خانەنشینییەكەیان ڕەت كردۆتەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمان رای گەیاند كە ماوەی ٣٠ ڕۆژ بۆ پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە تەرخان كراوە و پەرلەمانتاران سەرپشكن لەوەی پڕی دەكەنەوە یان نا، سەرجەم په‌رله‌منتارانى خوله‌كانى پێشوو و ئێستاش دەگرێتەوە، ”لە دوا ڕۆژی وادەی پڕكردنەوەی فۆرمەكەش، ناوى هه‌موو ئه‌و په‌رله‌مانتارانە بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و فۆرمه‌یان پڕكردۆته‌وه‌“.

پێشتر (باسنیوز) ئاشكرای كردبوو كە بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی فۆڕمەكانیان پڕكردۆتەوە، بەبێ پڕكردنەوەی فۆڕمەكەش مەرجەكانی خانەنشینكردنیان تێدا نەبووە، بۆیە وەك موزایەدەكردنێك بەسەر خەڵكەوە باسی ڕەتكردنەوەی خانەنشینییەكەیان كردووە.

لەمبارەیەوە پێشتر ڕۆژان ئیبراهیم على، ئەندامی لێژنەی کاروباریی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "ھەندێک پەلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ موزایەدە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی باسی ڕەتکردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمان دەکەن، بەڵام بەپێی یاسای، ئەو کەسانە لە بنەڕەتدا مەرجەکانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە و خانەنشینی نایانگرێتەوە“.

ڕوونیشی كردەوە كە بەپێی یاسا، ھەر پەلەمانتارێک پیۆیستە تەمەنی ٤٥ ساڵ بێت، ھەروەھا خزمەتی ١٥ ساڵی لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ھەبێت، بەڵام ”ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا بانگەشەی ڕەتکردنەوەی مووچەی خانەنشینی دەکەن، تەمەنیان ناگەتە چل و پێنج ساڵ، هەروەها ھەندێکیان ١٥ ساڵ لە كەرتی گشتیدا خزمەتیان نەكردووە“.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان جەختی كردەوە كە ”هەر پەرلەمانتارێک مەرجەکانی خانەنشینی بیگرێتەوە، مافی ڕەوای خۆیەتی داوای مووچەی خانەنشینی بكات و ئەو مافە بە یاسا رێكخراوە و پێی دراوە، دەشتوانێت ئەو مافەی ڕەت بكاتەوە، یان ئەگەر پەرلەمانتارێک تەمەنی ٤٥ ساڵ بێت، بەڵام بە ھۆکارێکی تایبەت گیانی لەدەست دابێت، پێویستە کەسی یەکەمی پەرلەمانتارەکە مووچەی خانەشینی وەکوو میرات وەربگرێت، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی موزایەدەی سیاسی دەکەن، یاسایی خانەنشینی نایانگرێتەوە و لای خەڵکی وا دەریدەخەن كە ئەوان مووچەی خانەشینییان ڕەت كردووەتەوە“.

چاودێران پێیانوایە كە ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا بانگەشەی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی دەكەن، دەیانەوێت ئەم بابەتە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا وەك بەشێك لە هەڵمەتی بانگەشە بەكار بهێنن، تاوەكوو دووبارە هەڵبژێردرێنەوە و ئەوكاتە كە مەرجەكانیشیان تێدا دەبێت، خانەنشین بكرێن.

ئەو پەرلەمانتارانەی تا ئێستا بانگەشەی پڕكردنەوەی فۆرمەكەیان كردووە:

- شایان عەسكەری تەمەن ٤٠ ساڵ

- شیرین ئەمین تەمەن ٣٢ ساڵ

- عەلی حەمەساڵح تەمەن ٣٦ ساڵ

- كازم فارووق تەمەن تەمەن ٣٤ ساڵ

- سیپان ئامێدی تەمەن ٢٩ ساڵ

- مژدە مەحموود تەمەن ٣٠ ساڵ

- كاوە عەبدولقادر تەمەن ٣٨ ساڵ

- یوسف محەمەد سادق كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە.












باسنيوز



Top