داواى ساغكردنەوەی بەرهەم و قەرەبووی جووتيارانى هەرێمی كوردستان دەكرێت
دواى کۆبوونەوەکە لە پرێس کۆنفرانسێکدا عەبدولستار مەجید، سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانى کوردستان گوتى: "ئەمڕۆ لە لیژنەی کشتوکاڵ پێشوازیمان لە هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پیشەسازی و بازرگانی کرد، سەبارەت بە بەروبومی ئەمساڵی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و ئەو قەیرانی کە پێیدا تێدەپەڕین، بەتایبەتیش هەندێ بەرهەمی ناوخۆیی خۆمان کە ساغ نەبووەتەوە، بۆیە گلەیی جووتیارانی لێ کەوتووەتەوە، بۆیە ئێمە گفتوگۆیەکی چڕوپڕمان کرد، لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پێوەندیدار، و کۆمەڵێک پێشنیاری باش خرانە ڕوو و بڕیار درا کە هەموو لامان کاری لەسەر بکەین و هەموو ئەو نیگەرانی و ناڕەزاییەی بەشێک ەل جووتیارانی کوردستان کۆتایی پێ بێنین"
پاشان کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتی هەرێمى کوردستان روونى کردەوە کە ئەو کێشانەى هەیە لە ساغکردنەوەى بەرهەمەکان ساڵانە ئەو گرفتەمان بۆ دروست دەبێ، بۆیە پێویستمان بە کۆمپانیا و کارگەى بەرهەم هەیە، بۆیە ئیێستاکە ئەو باسانەى پەیوەستە بە نناوخۆی هەرێمى کوردستانەوە رێکارى تایبەتى بەرامبەر دەگرینەبەر و دواتریش لەسەر پرسەکانى دیکە قسە لەگەڵ هەموو لایەک دەکەین".
هەر لەمبارەوە بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتى: "ئێمە هەنگاوى باشمان ناوە بۆ ئاسانکارى، هەروەها هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى دیکە ئەنجام دەدەین، ئەمساڵیش لەگەڵ وەرزى پێگەیشتنى بەرهەمەکانمان لە کوردستان بەگشتى تووشی پەتای کۆرۆنا بووین، بەگشتیش ئێمە وەک وەزارەتى کشتوکاڵ بەردەوام لە ئاسانکاریدا بووین تا بەرهەمى کشتوکاڵى بگاتە بازاڕەکان، دواتریش بە بازاڕکردنى بەرهەمەکانیش لەگەڵ وەزارەتى دیکە هەماهەنگى تەواومان هەبێ، هەروەک کردنەوەى ڕێگاکان بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق، هەروەها بۆ ناوخۆی هەرێمى کوردستانیش هاوردەى بەرهەممان هەبێ".
وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد کە لە مانگى دووى ئەمساڵدا بەرزترین باجیان داناوە لەسەر بەرهەمى هاوردە، بۆیە ئێمە بەردەوامیش دەبین لە پاراستنى بەرهەمەکانى ناوخۆ و هەر وەرزێکیش بەرهەمى خۆماڵى پێ بگات، بەرهەمى هاوردەکراوى هاوشێوە قەدەغە دەکەین و لە ناوەندەکانى دەرەوەى کوردستانیش سەرقاڵى ساغکردنەوەى بەرهەمەکانى کوردستانین و کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى بەرهەمى جووتیارانى کوردستانین و هانى جووتیاران دەدەین تا ساردخانە دروست بکەن بۆ بەرهەمەکانیان".
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە لە ئەنجوومەنى وەزیرانیش ئەو پرسە تاوتوێ کراوە کە دەبێ مافى جووتیاران لە ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان پارێزراو بێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنى وەزیران هەموو پشتیوانییەکى ڕاگەیاندووە و لە ساڵانی داهاتووشدا چەندان کارگە دەخەینە کار و کۆنەکانیش نۆژەن دەکەینەوە کە بەرهەمى جوتیارانمان وەربگرن."
باسنيوز
