ئیلام.. گرووپێکی میوزیک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران

ئیلام.. گرووپێکی میوزیک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران
ئەمڕۆ سێشەممە گرووپێکی میوزیکی سەرشەقام لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گۆرانیی کوردییان چڕیوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

ماڵپەڕی (میهر) لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 2020.7.7 گرووپێکی میوزیکی سەرشەقام لە شاری ئیلام، کە بەڕای ئەوان "ڕێنماییە تەندروستی، فەرهەنگی و ئاینیی"یەکان ڕەچاو نەکردووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

دەستگیرکردنی ئەو گرووپە هونەرییە لە کاتێکدایە کە دوێنێ گرتە ڤیدیۆیەکی کورت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە کە تێیدا کچێکی گەنجی کورد لەگەڵ گرووپێکی مۆسیقای کوردی بە ساز و دهۆڵەوە لە شەقامی "سەعدی"ی ئیلام هەڵدەپەرێت.

پاش بڵاوبوونەوەوی ئەو گرتە ڤیدیۆیە "ناوەندی هاندان بۆ چاکە و پێشگیری لە خراپە" لە شاری ئیلام مەبەستی ئیدانەکردنی ئەو ڕەفتارە کە بە "دژە فەرهەنگی" ناودێری کردووە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

هاوکات لەو بەیاننامەیەدا داوایان کردووە بە توندی ڕووبەڕووی ئەنجامدەرانی ئەو ڕەفتارە ببنەوە کە بە (سووکایەتییە بە پیرۆزییەکانی دین) لەقەلەمی داوە.

لەمبارەوە ئەفشار خوسرەوە‌زادە، داواکاری گشتیی ئیلام وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو گرووپە مۆسیقاییە، ڕای گەیاندووە کە ئەو کەسانە "بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێنماییە فەرهەنگی، مەزهەبی و تەندروستییەکان" هاتوونەتە سەرشەقام بۆیە دەستگیر و ڕادەستی مناوەندە دادوەرییەکان کراون.

دەستگیرکردنی ئەو گرووپە مییوزیکە لە ئیلام لە کاتێکدایە کە بوونی ژن، لەناو گرووپە هونەری و بەتایبەت میوزیکەکان بەپێی یاساکانی ئێران قەدەغەیە و وەک دژە نەریتێکی دینی دێتە ئەژمار و لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە پێشی پێ دەگیرێت.

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین گرووپی میوزیک هەیە کە ژنیان تێدایە و هاوکات چەند گرووپێکی تایبەتی ژنان و کچانیش بە شێوەی سەربەخۆ هەیە.












باسنيوز



Top