ئەمریکا شەش ملیار دۆلار لە بەرامبەر پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئازاد دەکات
لە سەروبەندی دەستپێکردنی دانوستانە تەکنیکییەکانی شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا، تۆڕی هەواڵی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، ئەمریکا شەش ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران ئازاد دەکات لە بەرامبەر مۆڵەتی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
تۆڕی هەواڵی ئاکسیۆس ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی خەرمانان بڵاویکردەوە، ئەمریکا شەش ملیار دۆلار لە بەرامبەر مۆڵەتدان بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێشکەش دەکات.
ئەو دەزگایە میدیاییە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئەمریکا دەیەوێت ئێران پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشت بکات بۆ سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، پلانی ئەمەریکا بۆ یەکەمین دیالۆگی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵاتە کە بە ڕێککەوتن لەسەر ئەم پرسە کۆتایی پێبێت.
ئەگەر ئێران ڕازی بێت به پشکنینی ئەو دامەزراوه ناوەکییانەی پێشتر كە لەلایەن ئەمریکاوه هێرشیان کردووەتەسەر، له بەرامبەردا شەش ملیار دۆلار وەردەگرێت.
ئاکسیۆس زیادی کرد: لە بەرامبەردا ئەمریکا ئامادەیە ڕێگە بە ئێران بدات دەستی بگات بە بەشێک لە سەروەت و سامانە بەستووەکانی، لەوانەش هەژمارێک بە بەهای ٦ ملیار دۆلار لە قەتەر.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە میدیاییە، ئێران ئەم پارەیە بۆ "کڕینی کەلوپەلی مرۆیی" کەڵک وەردەگرێت.
شەوی ڕابردوو محەمەد باقر قالیباف و عەباس عەراقچی ئەندامانی تیمی دانوستانکاری ئێران گەشتیان کرد بۆ سویسرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بەرەو سویسرا بەڕێکەوت بۆ ئەوەی لەگەڵ یاریدەدەرەکانی دیکەی ستیڤ ویتاکەر و جارێد کوشنەردا بەشداری بکات.
باس لەوەش دەکرێت، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاكستان و عاسیم مونیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاكستانیش وەک ناوبژیوان لە دانوستانەکاندا بەشداری هەردوو شاندەکە دەکەن.
بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پێزکیان سەرۆکی ئێران واژۆ کراوە، هەردوو وڵات دوو مانگیان لەبەردەمدایە بۆ دانوستان لەسەر پرسە تەکنیکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
گوڵان: سەردار خەلیل
