حكوومه‌ت بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆران خزمه‌تگوزارییه‌ك جێبه‌جێ ده‌كا

حكوومه‌ت بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆران خزمه‌تگوزارییه‌ك جێبه‌جێ ده‌كا
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی لە بارەی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكە حكوومییەكان چەندین زانیاری گرنگ ئاشكرا دەكات و دەڵێت: پاش بە ئەلیكترۆنی كردنی بانكەكان هاووڵاتییان و مووچەخۆران سودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەك.

مستەفا سەعید، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "تاوەكوو ئێستا 20 بانكی حكوومی بە ئەلیكترۆنی كراون، هەندێك ئاستەنگ نەبووایە و كۆرۆنا نەبوایە زیاتر دەبوو".

ئەو گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت بەگشتی 30 بانك بە ئەلیكترۆنی بكرێت، 10 بانك لە هەولێر، 10 بانك لە سلێمانی، 10 بانك لە دهۆك، خۆی 97 بانكی حكوومی هەیە ئێمە ناتوانین هەمووی بە ئەلیكترۆنی بكەین تەنها 30 بانك دەكەینە ئەلیكترۆنی".

روونی كردەوە. پاش ئەوەی 30 بانك بە ئەلیكترۆنی كران، هەنگاوی دووەمی كارەكانیان دەست پێ دەكەن، گوتیشی: "هەنگاوی دووەم، ئەوەیە ئامێری ئەلیكترۆنی لە داموو دەزگا و سوپەرماركێت و مۆڵەكان دابنێین ئەویش بۆ ئەوەی هاووڵاتی نەگەرێتەوە بانك بەڵكوو بتوانێت لەو شوێنانە پارەی خۆی راكێشێت ئەویش وەكوو ئاسانكاری بۆهاووڵاتیان و فەرمانبەران و مووچەخۆران".

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەروو، ئەو ئامێرانەی لەو شوێنانە دادەندرێت، حكوومەت خەرجییەكەی لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵكوو دەكرێت لە رێگەی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بێت ئەویش بە رێگای وەزارەتی دارایی ، ئەوەش بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە.

خەڵك و كۆمپانیا و سەرمایەدارانی بیانی لە دەروەش دەتوانن سود لە بە ئەلیكترۆنیكردنی بانكە حكوومییەكان وەربگرن.

پێشووتر بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان ئاشكرای كردبوو، "ئێستا بۆتە بڕیار ئەوەی مووچەی هەبێ دەبێ ئەژمێری بانکی بکاتەوە، بەشێکی باش لە وەزارەت و فەرمانگەکان ئەژمێری بانکیان هەیە، بەڵام بەشێکی وەزارەتەکان نەیانکردووە، دەبێت لە ماوەی داهاتوو ئەو کارە بکەن".










باسنیوز



Top