بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستانی هەژاند

بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستانی هەژاند
بەپێی زانیاریی میدیای فەرمیی تورکیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.6.25 بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای وانی لە باکووری کوردستان هەژاندووە.

ئاژانسی (ئەنەدۆڵوو) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە بوومەلەرزەکە بە گوژمی 5.4 بە پلەی ڕیختەر و کاتژمێر 3:13 خولەک بە کاتی تورکیا لە شاری "ئۆزالپ"ی سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان ڕووی داوە.

بەپێی زانیاریی ناوەندی بوومەلەرزەناسیی زانکۆی "بوغازئەیچی"ی تورکیا بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 5.2 کیلۆمەتریی ژێر زەوی ڕووی داوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا زیانێکی گەورە تۆمار نەکراوە و تەنیا ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندێک داڕووخاوە.

لەمبارەوە محەمەدئەمین ئیلمز، پارێزگاری وان ئاشکرای کردووە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و تیمە فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشیدان.

ئەو بوومەلەرزەیە هێندە بەهێز بووە تەنانەت لە هەندێ لە شارەکانی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەستی پێ کراوە.












باسنيوز



Top