سوپای توركیا هێرشێكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەست پێكرد

سوپای توركیا هێرشێكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەست پێكرد


سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێكرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی بەرگریی توركیا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردەوە، ئۆپەراسیۆنەكەیان لەژێر ناوی (چنگی پڵنگ) دەست پێكردووە و هێزی كۆماندۆ چوونەتە ناوچەی حەفتەنین لە سنووری هەرێمی كوردستان و هێرشەكە ڕاستەوخۆ بۆ سەر پەكەكەیە.

ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە یەك كاتدا هێرشیان كردە سەر چەندان پێگەی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی هەرێمی كوردستان. ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆش لە ڕێگەی هەلیكۆپتەری (ئاتاك) و زرێپۆشی سەربازییەوە دەستی پێكردووە و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزیری بەرگریی توركیاوە سەرپەرشتی دەكرێت.

پێشتر میدیاكان بڵاویان كردبووەوە كە پێش ئەو زنجیرە هێرشەی توركیا، هاكان فیدان، سەرۆكی هەواڵگریی توركیا بە نهێنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كردووە و لەگەڵ كاربەدەستانی عێراق كۆبووەتەوە و لەبارەی هێرشەكەوە لێكتێگەیشتنیان لەنێواندا هەیە.







باسنيوز
Top