برایان هۆک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێران : راسترین سیاسەت سەپاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکە بە ئێران
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێران رایگەیاند، پێویستە درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی پەیوەست نەکرێت بە مەرجێکی دیاریکراوەوە، هاوکات کاتی کۆتاییهاتنی بڕیارەکەش دیارینەکرێت.
واشنتن لەو بڕوایەدایە راسترین سیاسەت کە دەبێت بەرامبەر ئێران پەیڕەو بکرێت سەپاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکە بە ئێران
برایان هۆک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێران لەمیانەی وتارێکدا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاند، "واشنتن لەو بڕوایەدایە راسترین سیاسەت کە دەبێت بەرامبەر ئێران پەیڕەو بکرێت سەپاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکە بە ئێران، وادەی دیاریکرداویش بۆ کۆتایهاتنی ئەو بڕیارە دانەنرێت".
15ی ئەم مانگە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پڕۆژە بریارێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کە زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئێران لە ناوچەکە گرتوەتەبەر.
لە ئێستادا پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن فڕەنسا، بریتانیا و ئەمریکاوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت، پاشان دەخرێتە بەردەستی روسیا و چین، کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکەن.
لەوبارەیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکردوە، واشنتن پلانی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی داڕشتوە، متمانەی تەواوی هەیە، کە یاساغکردنی پڕچەککردنی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی درێژدەکرێتەوە.
باسنيوز
