شێخ جەعفەر: ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بێ داعش شەڕ دەباتە ناو خانەقین
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی، رایگەیاند، گوندی میرخاس لە خانەقین نزیکە لە بارەگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.
شێخ جەعفەر مستەفا گومان لەوە دەکات، کە چەکدارانی حەشدی شەعبیش بەشداریی هێرشەکەی چەکدارانی داعشیان بۆ سەر ئەو گوندە و کاکەییەکان، کردبێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی هەروەها رایگەیاند، مادام داعش هێرشی کردە سەر ئەو گوندە، ”دڵنیا بن“ جاری داهاتوو شەڕەکانی دەباتە ناو خانەقین و ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگەش نەگەڕێندرێنەوە، ئەوا بارودۆخی خانەقین، جەلەولا و سەعدییە خراپتر دەبێت.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی خانەقین و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و بەهۆی ناکارایی ئەو میلیشیایانەش، چەکدارانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ و کردە تیرۆریستییەکان لە دژی هاووڵاتییانی کورد، کردووە.
باسنیوز
