دادوه‌ر ئومێد موحسین: خۆپارێزی بکەن با نەکەونە نەخۆشخانەی کۆرۆنا

دادوه‌ر ئومێد موحسین: خۆپارێزی بکەن با نەکەونە نەخۆشخانەی کۆرۆنا
دادوەرێک کە چەند ڕۆژێکە تووشی په‌تاى كۆرۆنا بووه، باسی نەخۆشەکان دەکات و تکایەکیش لە خەڵک دەکات و دەڵێ: "خۆپارێزی بکەن با نەکەونە نەخۆشخانەی کۆرۆنا".

دادوه‌ر ئومێد موحسین، دادوەری یەکێک لە دادگاکانی کوردستان کە تووشی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر، گوتی: "ئەو نەخۆشییە زۆر جدییە، بۆیە دەبێت هەموو لایەک خۆپارێزی بکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بە چارەسەر و نەخۆشخانە نەبێ".

گوتیشی: "لە هەولێر چوار دادوەر تووشى كۆرۆنا بوونە، لەگەڵ فەرمانبەرێک و بەرپرسی ئیدارەی دادگای تاوان، ژمارەکە زیاتریش دەبێ، چونکە ئەنجامی پشکنین ماوە".

دادوه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "دەبێت خەڵک لە بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکان دوور بکەونەوە، ئەوەی لەنێو نەخۆشخانەی کۆرۆنا دەگوزەرێ ناخۆشە، خەڵک هەیە باری تەندروستی خراپە، ژوورەکان هەمووی پڕبوونە لە تووشبووى كۆرۆنا، بۆیە دەبێت خەڵک پارێزی بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە نێو نه‌خۆشخانه‌ى كۆرۆنا".

جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌: "ئەو ڤایرۆسە دوژمنێکی نادیارە، خۆپارێزییەکی زۆرم دەکرد، بەڵام بەهۆی بەریەککەوتن لەنێو دادگا تووشى بووم، نەخۆشییەکی ناخۆشە و کۆخە و هه‌ناسه‌ته‌نگى لەگەڵ دایە، دادوەرێکی هاوکارمان بە قورسی گرتوویەتی و سییەکانی هەویان کردووە".












باسنيوز




Top