شەڕی سوپای توركیا و پەكەكە ژینگەی دەڤەری برادۆستی وێران کردووە
سیروان سابیر، بەرپرسی رێكخراوی "سنین بۆ گەشەپێدانی گەنجان" لە دەڤەری برادۆست، رايگەیاند: "بەداخەوە لەم چەند رۆژەدا بەهۆی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان لە دەڤەری برادۆست، ئاگرێكی گەورە لە چیای "دێڵ" لە سنووری گوندەكانی "لێلكان و بوزێنە و گوڕەشان" كەوتەوە، بەو هۆیەوە هەزاران دۆنم پووش و پاوان و ژینگەی دەڤەرەكە سووتاوە، ئەوەش ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و خەڵكی سڤیلی ناوچەكە باجەكەی دەدەن، هیوادارین هەرچی زووە رێگری لەم كردارە بكرێت و چیتر خەڵكی ناوچەكە نەبێتە قوربانی سیاسەتی پارچەیەكی دیكەی كوردستان و وڵاتێكی دراوسێ".
لەمەبارەوەخۆیەوە مورشید محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی رێكخراوی برادۆست بۆ ژینگەپارێزی، رايگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا (پەكەكە) و شەڕ و تێكهەڵچوون و بۆردومانی ناوچەكە بە بەردەوامی تا ئێستە سەدان گوندی دەڤەرەكەمان چۆڵ كراون و دەیان هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوونە، هەروەها لە ساڵی 2017 هێزێكی سوپای توركیا بۆ رووبەڕوبوونەوەی (پەكەكە) سنوریان بەزاندووە و هاتوونەتە ناو خاكی سیدەكان، جگەلە زیانەكانی دیكە بەهۆی شەڕ و پێكدادانی سوپای توركیا و پەكەكە رۆژانە ئاگر لە سنوورەكەمان دەكەوێتەوە و دارستان و پووش و پاوانی هاووڵاتیان دەسووتێت، ئەمەش زیانی زۆری بە ژینگەی دەڤەرەكە گەیاندووە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە لە رێكخراوی دەڤەری برادۆست بۆ ژینگەپارێزی ئیدانەی هەموو هێرشێك و تۆپباران و بۆردومانەكان دەكەین بۆ سەر گوند و ئاواییەكانمان بەهەر بیانوویەك بێت و پێویستە (پەكەكە و توركیا) لەنێو خاكی سیدەكان و ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بكشێنەوە و شەڕ و كێشە سیاسییەكانیان ببەنەوە نێو خاكی خۆیان".
باسنيوز
