"کورد بەشدار دەبێت لە گفتوگۆکانى نێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ واژووکردنى رێککەوتننامەیەکى تازە"




بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى رایگەیاند گفتوگۆکانى نێوان عێراق و ئەمەریکا زۆر گرنگە چونکە رێککەوتنێکى تازە لە نێوان هەردووڵا واژۆ دەکرێت، کوردیش بە فەرمى بەشدارى لە گفتوگۆکاندا دەکات.

هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاند: "بە ئامانجى واژووکردنى رێککەوتننامەیەکى تازە لەنێوان هەردوولادا بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆکانى نێوان عێراق و ئەمەریکا دەستپێبکات، رێکەوتنەکە بۆ هەردوولا زۆر گرنگە هەرچەندە عێراق و ئەمەریکا ساڵى 2008 دوو رێککەوتنایان واژوو کرد یەکەمیان رێککەوتنێکى ستراتیژیی ئەمنیە کە ئێستاش بەردەوامە، رێککەوتنێکیش بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکابوو لە عێراق".

راشیگەیاند: "سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ئاگادارى بابەتەکەیە و نوێنەرى کوردستانیش بەشدارى لە گفتوگۆکاندا دەکات، چونکە ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگ و چارەنوسسازە و پەیوەندى راستەوخۆى بە ئایندەى ناوچەکە هەیە، بۆیە گرنگە کورد بەشێک بێت لە گفتوگۆکان".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئێستا عێراق بە قەیرانى ئەمنى و سیاسى و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت بۆیە پێویستى بە پاڵپشتى وڵاتانى دەرەوە، بەتایبەت وڵاتێکى گرنگى وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەیە، بەڵام نابێت رۆڵى دەوڵەتانى هەرێمى بەتایبەت ئێران لەبیر بکرێت لە عێراقدا، چونکە رۆڵ و کاریگەرى زۆرى دەبێت لە واژۆکردنى رێککەوتننامەکە، بەلاى ئەمەریکاشەوە گرنگە رۆڵ و کاریگەریى ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە".








باسنيوز
Top