سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات دەستبەجێ پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام بدەن

سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات دەستبەجێ پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام بدەن
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ڕاگرتنی تەواوی كارەكانی بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیاند و داواشی لە سەرجەم پەرلەمانتاران كرد، دەستبەجێ پشكنینی پەتای كۆرۆنا ئەنجام بدەن.

بە گوێرەی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ، ئاماژە بەوە دراوە: ”لە چەند رۆژی رابردوودا، حاڵەتێكی پۆزەتیڤی کۆرۆنا لە ناو فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، وەک پابەندبوونێکی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا پشکنینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانبەرانی پەرلەمان بکرێت. رۆژی ٩ی ٦ی ٢٠٢٠ بە سوپاسەوە چەند تیمیکی پشکنینی تاقیگەی ناوەندی، لەسەر ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی، هاتنە پەرلەمانی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و ١٩٧ ئەندامی پەرلەمان و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجامدا. دیارە بە داخەوە ، چەند حاڵەتێکی پۆزەتیڤ لەم پشکنینانەدا هەن و دواتر لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە وردەکارییەکان رادەگەیەنرێت“.

جەختیش كراوەتەوە: ”وەک پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستیەکان کە دەبیت سەرجەم بەرکەوتووەکان خۆپارێزی بکەن و کەرەنتین بکرێن، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا، سەرجەم کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگرێت. ئاگاداری تەواوی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان دەکەینەوە کە تا ئێستا پشکنینی کۆرۆنایان نەکردووە، لە زووترین کات پشکنینەکە ئەنجام بدەن و ئەنجامەکەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بنێرنەوە. بە هەمان شیوە دیوانی پەرلەمانی کوردستان راسپێردراون بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمە پزیشکییەکان، پشکنین بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی دیکەش بکرێن کە تا ئیستا پشکنینیان بۆ نەکراوە“.

سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای كردووە، هەموان پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستییەکان بن.













باسنيوز




Top