كەركووك.. سایلۆكانی پارێزگاكە دانەوێڵەی جووتیارانی كورد وەرناگرن

كەركووك.. سایلۆكانی پارێزگاكە دانەوێڵەی جووتیارانی كورد وەرناگرن
لە سنووری كەركووک سایلۆكان بە بیانوویەكی سەیر دانەوێڵەی جووتیارانی كورد وەرناگرن، بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەیانەوێت دانەوێڵەكانیان بە نرخێكی كەم بە بازرگانەكان بفرۆشن.

دڵشاد كامیل، جوتیارێكی سنووری كەركووكە، ڕایگەیاند: "كێشەیەكی‌تر ئێستا بۆ جووتیارانی كورد لە كەركووك دروست كراوە كە ئەویش بە بیانووی ئەوەی گوایە نیسك لەناو دانەوێڵەكانیاندا هەیە، بۆیە سایلۆی كەركووك وەری ناگرێت، هەر لە تەنیشت زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئێمەوە، جووتیارێكی عەرەب دانەوێڵەكانی ڕادەستی سایلۆی كەركووك كرد و وەرگیرا كە بەرهەمەكەی هەر وەكوو ئەوەی ئێمە بووە و زۆربەی جووتیارانیش ئەمساڵ بنەتۆیان لە حكوومەت وەرگرتووە و بەرهەمەكان هەرچۆنێك بێت لە ئەستۆی حكوومەتە".

گوتیشی: "ساڵانە كێشە بۆ جووتیاران دروست دەكرێت، بەتایبەت بۆ جووتیارە كوردەكان، ساڵی پار كێشەی ئەوە هەبوو كە هەندێك جووتیاری كورد، گەنمەكانیان پلە یەك بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەیان نەدایە ئەو كەسانەی كە گەنمەكانیان لە سایلۆ لێ وەردەگرن بە پلە دوو هەژمار كرا، ئەمساڵیش ئەم كێشەیان بۆ درست كردووین، گوایە لەناو دانەوێڵەكان نیسكی تێدایە".

لەمبارەیەوە، مەهدی كاكەیی، بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووك، ئەمڕۆ شەممە 30/5/2020، ڕایگەیاند: "لەڕاستیدا ئەوەی دەدردەكەوێت لە سنووری پارێزگای كەركووك، تەنانەت زۆربەی ناوچە دابڕاوەكانی تریش پیلانێك هەیە لەدژی جووتیارانی كورد، لەلایەك دەغڵودانەكانیان دەسووتێندرێت، لەلایەكی ترەوە ئێستا كۆسپیان بۆ دادەنرێت، پێشتر زۆر جەخت لەوە كرایەوە بەتایبەت لە وەزارەتی بازرگانی عێراق كە دەبێ سەرجەم دانەوێڵەكان لە جووتیاران وەربگیرێ كە لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵیش بن، چونكە كێشەی زەویوزار زۆر هەبوو لە كەركووك و شوێنەكانی تریش، زۆربەی جووتیارانی كورد و بەشێكیش لە توركمانەكان نەكرانە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی حكوومەتەوە، بەڵام دواتر كە بڕیار درا بخرێنە چوارچێوەی ئەو پلانەوە، ئینجا ئێستا پیلانێكی تریان بۆیان دۆزیوەتەوە گوایە نیسك لەناو دانەوێڵەكانیانە بۆ ئەوەی لە سایلۆ لێیان وەرنەگرن".

هاوكات مەهدی كاكەیی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "مەبەست لەو بیانووە ئەوەیە كە ئەو جووتیارانە لە بازاڕدا دانەوێڵەكانیان بە كەمترین نرخ بە بازرگانەكان بفرۆشن، تاكوو زیان بكەن، ئامانجیان ئەوەیە كە جووتیارانی كورد ئیتر واز لە كاری كشتوكاڵی بهێن، هەروەها مەبەستیان تەعریبكردنیشە، چونكە كێشەی زەویوزارەكان تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە و زۆبەی ئەو بڕیارانەی كە تا ئێستا دەردەچن، لەمەڕ ئەو زەوییانەوە كە لە بنەڕەتدا هی كوردن لە بەرژەوەندیی عەرەب دەدەرێتەوە پێیان بە گرێبەست، بۆیە هەموو گوشارێك خراوەتە سەر جووتیارانی كورد، ئەوەش وا دەكات كە ناوچەكان وردە وردە چۆڵ بكرێن و كورد لەڕووی ئابورییەوە تووشی زیانی گەورە بكەن كە بژێوی ژیانیان لەسەر كشتوكاڵە".












باسنیوز


Top