ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەردەوامن
تا ئێستا زیاتر لە 21 بەرپرس لە عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناسراو بە "بەیانی" دەستگیر کراون .
دوێنێ سێشەممە 29ی تەمموز، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر چوار ملیۆن دۆلاردا گرت لە خاڵێکی پشکنینی ناوچەی توزخورماتۆی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئۆتۆمبێلەکە تابلۆی بەغدای پێبووە و بەرەو دیالە دەڕۆیشت.
شۆفێرەکە کە تاکە کەسی سەرنشین بووە، ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
لە ئێستادا ئەو پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لە دەستی پۆلیسی ناوخۆییدایە، لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی ئەو پارەیە و ئەگەری پەیوەندییەکانی بە تۆڕەکانی گەندەڵیەوە .
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لێکۆڵەران لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا ئەو پارە نەختینەیە بۆ شاردنەوەی داهاتی دۆسیەکانی گەندەڵی دەگوازرێتەوە یان نا.
گوڵان: سەردار خەلیل
