ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەرکرد

 ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەرکرد
ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆبونەوەی خۆیدا، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەرکرد.

تەوەرى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لێکەوتەکانى و ژمارەی دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی و بژاردە و ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوەکرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە ڕاپۆرتێکدا بە داتاو ئامار وردەکارى پلانى وەرگرتن و تواناى زانکۆکانى بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) خستەڕو، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) زیاتر لە (90,000) دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەشبکەن، کە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێکی ورد و زانستی دەربارەی کێشەو ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە.

پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا و چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابون

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت لە ژێر ڕۆشنای دوائامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -19 تاوتوێى پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (2019-2020)ی کرد و لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بە مەرجێک لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواوبکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێکرا و بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا و چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابون.

بڕیاریشدرا لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو

بڕیاریشدرا لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات کۆبونەوە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.




خەندان
Top