پەرلەمانتارێکی كوردستان: لە مەرزەکانی سلێمانییەوە هێلکەی ئێرانی بە قاچاخ هاوردە دەکرێت

پەرلەمانتارێکی كوردستان: لە مەرزەکانی سلێمانییەوە هێلکەی ئێرانی بە قاچاخ هاوردە دەکرێت
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە مەرزەکانی سلێمانییەوە هێلکەی ئێران بە قاچاخ هاوردە دەکرێت و دواتریش لە کارتۆنی بەرهەمی پرۆژه‌كانى په‌له‌وه‌ر له‌ کوردستاندا ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت کە ”ئامانجەکەی جگە لە قازانجی چەند کەسێک، زیانگەیاندنە بە ناوبانگی بەرهەمی هەرێمی کوردستان“.

هیڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند: "تا ئێستاش هێلكه‌ به ‌قاچاخ له ‌مه‌رزه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌ ناوه‌وه‌، لەوەش مەترسیدارتر، هێلکەکە لە كارتۆنی هێلكه‌ی كوردستان، به ‌ناوی هێلكه‌ی بەرهەمی کێڵگەکانی كوردستان رەوانەی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی سومعه‌ی بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان بشكێنن“.

هێڤیدار ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئه‌و هێلكانە ماوەبەسەرچوون و ”زۆربەیان له‌ باشماخەوە هاوردە دەکرێن ده‌بن و پاره‌كه‌شی ده‌خرێته‌ گیرفانی چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌".

ئاماژەشی بەوە کرد کە لە مەرزی پەروێزخانیش بە هەمان شێوەی باشماخ، ”جووڵەیەکی مەترسیداری قاچاخچێتی دەبینرێت، هه‌ر بارێك پارەیەکی زۆری بە ناوی گومرگ لێوەردەگیرێت و پارەکەش بە چەند کەسێک دەدرێت، بۆ نموونە بارهەڵگرێکی هێلکە ١٢ هەزار دۆلاری لێوەردەگیرێت“.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی بەرهەمی خراپ و ماوەبەسەرچووی وڵاتان لە هەرێمی کوردستاندا ساخ بکرێتەوە، ”هەندێک لەو کاڵایانە کە هاوردە دەکرێن، لە نێو لیستە فەرمییەکاندا تۆمار ناکرێن“. گوتیشی: ”لە مەرزی حاجی ئۆمه‌ران، رێگا نادرێت باری ماوه‌به‌سه‌رچوو بێته‌ ژووره‌وه‌، كه‌چی له‌ولا به‌ دوو هەزار دۆلار له‌ مه‌رزی كێلێ بارەکە هاوردە ده‌كرێت، چونكه‌ مەرزەکانی باشماخ، پەروێزخان و کێلێ وه‌ك پێویست پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان نین“.










باسنیوز




Top