وەزارەتی دارایی 10 رۆژ مۆڵەت دەداتە خاوەن کومپانیا قەرزدارەکان

وەزارەتی دارایی 10 رۆژ مۆڵەت دەداتە خاوەن کومپانیا قەرزدارەکان
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگان و كۆمپانیاكان، 10 رۆژ دوای ئاگاداركردنەوە رێكارەكان دەست پێ دەكات.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: "نووسرامان داوەتە بانكەكان بۆ مەسەلەی وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان و كۆمپانیاكان كە پێشووتر لە حكوومەت وەریان گرتووە".

زیاتر لە دوو هەزار سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا 780 ملیار دیناری حكوومەتیان لە لایە و نەیانگەڕاندووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان گوتیشی: "دوای 10 رۆژ لە ئاگاداركردنەوە، هەر بازرگانێك قەرزەكە نەگەڕێنێتەوە، ئەو موڵك و ماڵە رەهنكراوی، كە لەبری قەرز دایناوە، دەستی بەسەردا دادەگیرێت و دەفرۆشرێت، بەشێك لەو قەرزدارانە لەلایەن بانكەكانەوە نووسراوی ئاگاداركردنەوەیان بۆ چووە، پاش تەواوبوونی مۆڵەتەكە كاری خۆمان دەستی پێ دەکەین".

روونیشی كردەوە: "ئەگەرچی قورسە لە ماوەیەكی كەم قەرزەكان وەربگرینەوە، بەڵام ئەمجارە رێكارە ئیداری و یاساییەكانی خۆیان دەست پێكردووە و پاش ئەوەی زانیاری و ئامارەكانمان كۆ كردەوە، نووسراویش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری خانووبەرەكان بۆ فرۆشتنی موڵكە رەهنەكان دەنێرین".

ڕێکەوتی 5ی 5ی 2020 سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بڕیاری دەركرد و یەك لەو بڕیارانە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکانە.










باسنیوز



Top