محەمەد وەتمان: بەرپرسە عێراقییەکان بە چاوێکی سووک سەیری سەرکەوت شەمسەدین دەکەن

محەمەد وەتمان: بەرپرسە عێراقییەکان بە چاوێکی سووک سەیری سەرکەوت شەمسەدین دەکەن
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، بەرپرسانی عێراق بە چاوێکی سووکەوە سەیری سەرکەوت شەمسەدینی پەرلەمانتاری کوردی عێراقچی دەکەن.

سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری کوردی عێراقچی، داوای کردووە عێراق لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات. لە بەرامبەردا محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی و کەسایەتیی دیاری نێو ئەو حزبە، ڕایگەیاند: "سەرکەوت شەمسەدین مانگانە پارەیەکی زۆر لە بەغدا وەردەگرێت، کەچی دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق قسە دەکات و بێ منەتە بەرامبەر بە گەلی کورد، بۆیە پێویستە یەکێتی و پارتی دژی ئەو جۆرە قسانە ھەڵوێستیان ھەبێت".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”قسەکانی سەرکەوت شەمسەدین، زیان بە ڕیزەکانی میللەتی کورد دەگەیەنێت، دواجار ئەو جۆرە کەسانە وەکو تێکدەرێک وان و ئامانجیان ئەوەیە لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دژی ھەرێمی کوردستان قسە بکەن، بەڵام ئەوانە ھیچ مافێکیان بە گەلی کوردەوە نییە، خۆپەرستی نەبێت".

بە بڕوای محەمەد وەتمان، ئەوانەی لە بەغدا دژی ھەرێمی کوردستان قسە دەکەن، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە سەرکردە عێراقییەکانەوە ھەیە، تاوەکوو نێوماڵی کورد تێکبدەن، بەڵام ”لە دواییدا ئەو کەسانە بە چاوێکی سووکەوە سەیر دەکرێن، بۆیە ئەگەر سەرکەوت شەمسەدین، داوای ناردنی ھێزی عێراقی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کردبێت، وەک دوژمن سەیری دەکەم، چونکە ئەو ھێزەی کە سەرکەوت شەمسەدین باسی دەکات، داگیرکەرە و بەھێچ شێوەیەک نابێت گەلی کورد ژێردەستە بێت".










باسنیوز


Top