زیاتر لە ٦٠٪ی بەشداربوانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی دهۆک مامۆستا نەبوون و کادیری حزبەکان بوون
دوێنێ شەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٠، لە شاری دهۆک خۆپیشاندانێک ئەنجام درا کە کەمتر لە ٣٠٠ کەس بەشدارییان تێدا کرد، هەرچەندە پێشتر قایمقامیەت و پارێزگای دهۆک ڕایانگەیاندبوو کە مۆڵەتیان بە هیچ خۆپیشاندانێک نەداوە.
لە خۆپیشاندانەکەدا کچە کارمەندێکی پۆلیس بریندار بوو، دەنگۆ هەیە لە لایەن خوشکی هەڵز ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستانەوە هێرشی کرابێتە سەر و ئازارێکی زۆری پێگەیەندرابێت.
هەر ڕاستەوخۆ دوای خۆپیشاندانەکە، سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد کە بە دوو پەرلەمانتاری کوردی عێراقچی ناسراون، نامەیەکیان ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد و داوای دەستێوەردانیان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان کرد بەم بیانووە. بەڵام دواتر لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی ڕاگەیاندن ”خەمی دهۆکییەکانتان نەبێت، ئەوان لە دەستێکی ئەمیندان“ و داوای کرد پرسیارێکی ئەو مامۆستایەش بکەن کە لە ٢٠١٧ لەبەردەم مەڵبەندی کۆیەی یەکێتی کوژرا و تائێستا دۆسیەکەی لە دادگای فیدرالیی عێراقە.
بەپێی زانیارییەکان، کە ٦٠٪ ی ئەوانەی لە خۆپێشاندانەکەدا بوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە پیشەی مامۆستاییەوە نییە، بەڵکو ”کادیری سەر بە یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان، ھاوپەیمانی و لایەنگری پەکەکە بوون“.
(باسنیوز) زانیویەتی کە تەنیا چەند مامۆستایەک لە نێو خۆپیشاندانەکەدا هەبوون کە سەر بە پارتی بوون و لەژێر کاریگەریی سۆشیال میدیا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە.
بۆ ئەو خۆپیشاندانە کە سەرجەمی بەشداربووان لە ٣٠٠ کەس تێنەپەڕیوە، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و پەکەکە هەوڵیان داوە و کادیرانی خۆشیان لە (زاخۆ، بەردەڕەش، شیلادزێ، ئامێدی، چڕە و ناوچەکانی دیکەی دهۆک)ەوە بۆ نێو شارەکە گواستووەتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانه، ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، زۆربەیان وێنەی خۆپیشاندانەکەی دوێنێ نین، وێنەکانی بەردەم قایمقامیەتی دهۆک وێنەی کاتی کەرەنتینەکەن و خەڵکی لەوێ بۆ داواکردنی ڕێگەپێدانی هاتوچۆی نێوان شارەکان کۆببوونەوە.
لەمبارەیەشەوە پێشتر عەبدوڵای مەلا نووری، پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان لە نووسینێکدا ئاشکرای کردبوو کە یەکێتی ناڕەزایی خەڵکی دەقۆزێتەوە و شەڕی پارتی پێ دەکات. جەختیشی کردبووەوە کە ””شەرمەزارییەکی گەورەیە بە ئاشکرا بەشێک نەبیت لە خۆپیشاندانەکان، بەڵام لە پشتەوە خواستی خەڵک بکەی بە قوربانیی بەرژەوەندیی حزبی“.
باسنیوز
