کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە راگەیاندراوێکدا وردەکاریی ڕووداوەکەی بناری هەڵگوردی ئاشکرا کرد
شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوخۆی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕووی دا و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لەمبارەیەوە ستادی نیزامیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: “بە داخێکی گرانەوە ڕایدەگەیەنین کە کاتژمێر ٩ شەوی ڕابردوو، بەھۆی دەمەقاڵەیەک، تەقەکردن لە نێوان ھاوڕێیانی پێشمەرگە لە بناری ھەڵگورد دروست دەبێت کە بەوھۆیەوە ھاوڕێیەکمان بە ناوی ئاروین ئەسڵانی گیانی لە دەست داوە و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار دەبێ کە برینەکەی سووکە”.
جەختیش کراوەتەوە کە ئێستا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ و هێور کراوەتەوە و تەرمی پێشمەرگەکەشیان گەڕێندراوەتەوە ناوەندی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بەخاک سپێردراوە.
ستادی نیزامیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئاشکرای کردووە کە “ھاوڕێیانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردتر لە ڕووداوەکەن. پێویستە بڵێین لە دوێنێشەوەوە دۆستان و ھاوڕێیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە ھەموو شێوەیەک پەیوەندییان پێوەکردوین و ھاوسۆزییان دەربڕیوە، لێرەوە سپاسی ھەموویان دەکەین. ھەر زانیارییەکی نوێ بە ئاگاداری گشتیی دەگەیەنین”.
باسنيوز
