مەحموود محەمەد: لە ناو پارتی دا نە گرووپ و باڵ هەیە و نە دروستیش دەبێت
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی ئەو قسە و باسانەی کەباس لە بوونی باڵباڵێن لە نێو پارتیدا دەکەن رایگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوخۆیدا تۆكمەیە و مەرجەعێكی هەیە، سەركردایەتییەكی هەیە، پەیڕەوێك و رێبازێكی دیاریكراوی هەیە، كە لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێت، لەوانەیە تەمەننا بێت، كە پارتی وابێت، یا وەكو تۆڵەكردنەوەیەكە. پارتی دیموكراتی كوردستان نە گرووپی تێدایە، نە باڵی تێدایە، نە وجوودیشیان هەیە نە دروستیش دەبێت، پارتی یەكڕیزە و تەبایە لە نێوخۆیدا".
گوتەبێژی فەرمیی پارتی بۆ ماڵپەڕی حزبەکەی دەشڵێت: "خەڵكێك ئەگەر قسەی ئەم و ئەو بكات، ئەوە بەهەڵە تێگەیشتووە، چونكە پارتی یەك سیاسەت و یەك بۆچوون و یەك ئاڕاستەی هەیە و یەك شتیش جێبەجێ دەكرێت. بۆیە هەم هەڤاڵانی خۆمان و هەم خەڵكی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە، هەروەها ئەو برادەرانەش كە تەمەننای ئەوەیان هەیە كە بۆخۆی گوتی ئەو دەردەی لە ئێمە هەیە و چووە بۆ ئەوان، نە ئەو دەردە هاتووە بۆ ئێمە، نە لە ئێمەشدا جێی دەبێتەوە".
ئەوەشی خستووەتە روو، "لەوپەڕی چەپ تا ئەوپەڕی بەدین لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا جێی هەیە، بۆیە هەندێ جار دەكرێت لە دەربڕیندا جیاوازی هەبێت، ئەوەش مانای باڵباڵێن نییە، كە كاتێ گەیشتە بڕیاردان، ئەوە وەكو پارتیش جێبەجێ دەكرێت، هیچ جیاوازییەكیش لەوەدا نییە، تەسەور دەكەین ئەو قسانە زیاتر بۆ ئەوەیە، ئەوانەی وا دەڵێن، بڵێن كە ئێمە خۆمان چاك كردۆتەوە و نەخۆش بووین و چاك بووینەتەوە، باڵباڵێنمان هەبووە، ئێستا باڵباڵێنمان نەماوە، بەڵام ئەوەش مەرج نییە چووبێتە خەڵكی دیكە، خۆ كڕۆنا نییە خەڵك گرتبێتییەوە، ئەگەر كڕۆنایە و خەڵك گرتبێتییەوە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە، ئەوە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە، نێو هەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو نییەتەی تێدا نییە".
لەبارەی پرۆژەی لامەرکەزی پارێزگاکانەوە دەشڵێت: "لامەركەزییەت، یا شۆڕكردنەوەی دەستەڵات لە ناوەندەوە بۆ پارێزگا و قەزا و ناحییەكان، بەشێك بووە لە فیكری ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش پێشینەیەكی هەیە، كە بۆ خودی نێو حزب دەگەڕێتەوە".
ئاماژەشی بەوەداوە، "پارتی دیموكراتی كوردستان كاتێك لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رێككەوتین و رێككەوتنێكی سیاسیمان واژۆ كرد، لە یەكێ لە ماددەكانی نێو رێككەوتنەكەدا رێككەوتووین لەسەر لامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەت، بۆ ئەوەی كە بكرێت، ئەو تایبەتمەندی و پێداویستی و كێشانە لەبەرچاو بگیرێن، كە دەسەڵات هەمووی لە مەركەز نەبێت، ئەوە رێككەوتنی ئێمەیە، هەروەها ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش، كە كردوومانە، دیسان لەویش لە ماددەیەكدا رێككەوتنمان لەسەر لامەركەزییەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات كردووە".
باسنيوز
