سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر دەکات
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
کۆنسوڵی ئەمەریکا ستايشی رێکارە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە کە بریتیە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان.
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش لە بەغدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک کە ئەرک و مافەکانی هەرلایەک دیار و پارێزراوبن.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرۆکی حکوومەت داوای کرد ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و عیراق بکەن لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
باسنيوز
