كەركووك.. حكوومەتی عێراق ژمارەیەك هۆزی عەرەب پڕچەك دەكات

كەركووك.. حكوومەتی عێراق ژمارەیەك هۆزی عەرەب پڕچەك دەكات
لە سنووری كەركووك حكوومەتی عێراق ژمارەیەك هۆزی عەرەب پڕچەك دەكات و بەرپرسێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەشێك لە هۆزەكان سەر بە داعشن و ئەو چەكانە هەر بۆ داعش دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/5/2020، كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕايگەیاند، پڕچەككردنی هۆزە عەرەبەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە كەركووك مەترسیدارە، پێشتریش و لەكاتی حكوومەتەكەی نوری مالكی هۆزە عەرەبەكان لە كەركووك و پارێزگاكانی عێراق پڕچەك كران، بەڵام ئەو چەكانە لەبری ئەوەی لە بەرامبەر تیرۆریستان بەكار بهێندرێت، كەچی لە شەڕی عەشایەری نێوان هۆزەكان بەكار هێنراوە.

كەركووكی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پڕچەككردنی ئەو هۆزانە گوایە بۆ پاراستنی ناوچەكانی سنووری حەویجە و باشووری كەركووكە، چونكە ئێستا جموجۆڵی داعش زۆر بوووە، ئەی باشە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی كورد چی بكات، بەشێك لە عەرەبەكانی حەویجە متمانەیان لەسەر نییە و ئێستاش پڕ چەك بكرێن مەترسین، هەروەها بەشێك لە هۆزەكان هەر خۆیان سەر بە داعشن و ئەو چەكانە هەر بۆ داعش دەبێت".

لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هۆزەكانی جبوور و ئەلبوو حەمدان و نعێم و عوبێد، لە سنووری كەركووك پڕ چەك كراون و ناویان لێ نراوە هێزی هۆزەكانی كەركووك.











باسنيوز



Top