کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوا خرا

کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوا خرا
کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار، دوا خرا.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-5-2020، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ ببنەوە، بەڵام ئەو فراکسیۆنانەی لە کۆبوونەوەی رۆژی 7-5-2020ـی پەرلەمان ئامادە نەبوون، داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەیان کرد، لەکاتێکدا هەر خۆیان داوایان کردبوو.

ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند، هیچ هۆکارێک بۆ راگرتنی کارەکانی پەرلەمان نییە و فراکسیۆنی پارتی ئامادەیە بۆ هەموو کۆبوونەوەیەک و هیچ لایەنێکیش ناتوانێ کارەکانی پەرلەمان رابگرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە فراکسیۆنەکانی دیکە داوایان کردووە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەشداریی کۆبوونەوەکە بکا، کە هیچ کاتێک بۆ ئەنجامدانی دیاری نەکراوە.

لەبارەی لێدوانێکی رێواز فایەقی سەرۆکی پەرلەمان کە رایگەیاندبوو، پێویستە شکۆ بۆ پەرلەمان بگێڕدرێتەوە، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، شکۆی پەرلەمان نەشکێندراوە و کارێک نەکراوە لە دەرەوەی یاسا بێ.

پێشتر رێواز فایەق رایگەیاندبوو، ”واژۆ لەسەر هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەم، کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەبێ“ و واژۆی لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی 7ـی ئەم مانگە نەکردبوو، کە تێیدا هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چوار پەرلەمانتار خرایە دەنگدانەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هەروەها رایگەیاند، پەرلەمان دەبێ هەموو کارەکانی لەبەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێ، چونکە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات.

ئومێد خۆشناو هیوای خواست هەفتەی داهاتوو سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆ ببنەوە.











باسنيوز




Top