بڕیارێک لەبارەی مووچەی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرا

بڕیارێک لەبارەی مووچەی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرا
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.


بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە مووچەى ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتى تایبەت کاردەکەن و لەبەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا بەپێى بەیانى وەزارەتى ناوخۆ و ڕێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى کەرەنتین کران، پاڵپشت بە مادەى (٦٥) بڕگەکانى (۱_۲) لە یاساى کار ژمارە ٧١ى ١٩٨٧ دەبێت خاوەنکار کرێى مانگانە بە تەواوى بدات بە کرێکارەکان.


دەقی بڕیارەکان:


۱_ سەبارەت بە موچەى کرێکارانى کەرتى تایبەت کاردەکەن و لەبەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا بەپێى بەیانى وەزارەتى ناوخۆ و ڕێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى کەرەنتین کران، پالپشت بە مادەى (٦٥) بڕگەکانى (۱_۲) لە یاساى کار ژمارە ٧١ى ١٩٨٧ دەبێت خاوەنکار کرێى مانگانە بە تەواوى بدات بە کرێکارەکان.


۲_ سەبارەت بە چۆنیەتى وەرگرتنى کرێى ئەو شوێنانەى بە کرێدراون کە موڵکى خەزنەى خانەنشین و دەستەبەریى کۆمەڵایەتین، پاڵپشت بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کرێى مانگەکانى (٣، ٤) ئەو شوێنانەى لەلایەن حکومەتەوە بەکرێدراون، بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە کرێى مانگەکانى (۳_٤_۲٠۲٠) بۆ ئەو شوێنانەى کە لەلایەن سندوقى دەستەبەرى بە کرێدراون لەبەر ئەوەى لەو ماوەیە نەیانتوانیوە بە شێوەى ئاسایی بەکارى بێنن لەبەر داخستنیان بەهۆى قەدەغەى هاتوچۆو ڕێکارەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا.


۳_ چۆنیەتى وەرگرتنى پارەى بەشدارییەکانى کرێکاران لە خاوەنکاران بۆ مانگەکانى(۲_۳_٤_۲٠۲٠).


أ/ ئەو پڕۆژانەى بە پێى بەیانى وەزارەتى ناوخۆ رێپێدراو نەبوون بەکارکردن، پارەى بەشدارییەکانیان لێوەرناگیرێت تەنها بۆ مانگى (٤_۲٠۲٠). بەڵام پرۆژەکانى تر دەبێت بە بەڵگەى فەرمى بیسەلمێنێت کە کارى نەکردووە ئەو کات بەشدارى مانگى چوارى لێوەرناگیرێت.


ب/ دەبێت خاوەنکار تاکو ڕێکەوتى (۱_۹_۲٠۲٠) بەڵگەى فەرمى کارنەکردنى پڕۆژەکەى بێنێت بە پێچەوانەوە سزاى دواکەوتنى بۆ هەژمار دەکرێت.


٤_ هەژمارکردن یان لێخۆشبوون لە سزاى دواکەوتنى پارەى بەشدارییەکانى کرێکاران:


أ/ بۆ مانگەکانى (۲_۳_٤_۲٠۲٠) سزاى دواکەوتن هەژمار ناکرێت.


ب/ بۆ مانگەکانى (٥_٦_۲٠۲٠) بۆ ئەو پڕۆژانەى کە خاوەنکارەکان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران دەکەن لەبەر ڕێنماییە تەندروستییەکان و دروست نەبوونى قەرەباڵغى نەتوانرا کارى پێویستیان بۆ بکرێت، ئەوا فۆڕمى پارەدانیان بۆ ئامادە بکرێت و لە تۆمارى هاتوو تۆمار بکرێت ئەوا لە مانگى داهاتوو دەتوانرێت پارەى بەشدارییەکانى لێوەربگیرێت بێ ئەوەى سزاى دواکەوتنى بۆ هەژمار بکرێت ئەمەش تاکو ڕێکەوتى (۱_۸_۲٠۲٠) دەبێت.


٥_ چۆنیەتى هەژمارکردنى سزاى دواکەوتن بۆ ئەو خاوەنکارانەى کە زانیارى ساڵانەیان لە مانگى (۱_۲٠۲٠) پێشکەش کردووە و ئەوانەى لەبەر زۆرى کارەکان نەتوانراوە لێیان وەربگیرێت، سەبارەت بە پێشکەش کردنى زانیارى ساڵانە تاکو ڕێکەوتى (۱_۷_۲٠۲٠) بۆیان هەیە پێشکەشى بکەن.


٦_ ئەو پڕۆژانەى قەرزارن و قەرزەکەیان بۆ کراوە بە قیستى مانگانە بەڵام لەکاتى خۆى نەیانداوە و پابەند نەبوون، ماوەى پشوى فەرمى بە ماوەى قیستەکان هەژمار ناکرێت واتا بۆ مانگەکانى (۲_۳_٤) قیستەکان دوادەخرێت بەبێ وەرگرتنى سزاى دوواکەوتن بۆ مانگەکانى(۲_۳_٤).


۷_ ئەو پڕۆژانەى لە مانگەکانى شوبات و ئازار/۲٠۲٠ بەر دەستەبەرى کەوتوون سزاى دوواکەوتن بۆ ئەو پڕۆژانە وەرناگیرێت.


۸_ خاوەنکار بۆ ئەو ماوەیەى کە لە پڕۆژەکەى کارى نەکردووە دەتوانێت بە شێوەى نوسین (اشعار) ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى بکاتەوە و لەگەڵ پێشکەش کردنى داواکارییەکەى بەڵگەى فەرمى بێنێت کە پڕۆژەکە لەو ماوەیە کارى نەکردووە.


۹_ بۆ کۆتایی هێنان بە ڕاژەى کرێکار و کارپێکردنى کرێکارى تازە بۆ مانگەکانى (۲_۳_٤_۲٠۲٠) لەبەر ئەوەى بارودۆخێکى استثنائى بووە و قەدەغەى هاتوچۆ بووە ناتوانرێت لە ماوەى سەرەوە خاوەنکار کۆتایی بە ڕاژەى کرێکار بێنێت.


۱٠_ سەبارەت بەو پڕۆژانەى کە لە ماوەى (۱۱_۳_۲٠۲٠) تاکو (۱٠_٥_۲٠۲٠) داخراوە پارەى بەشدارییەکانى مانگى (۳) سێى لێ وەردەگیرێت بەڵام بۆ مانگى (٤) لێیان وەرناگیرێت.


۱۱_بە پێى مادەى (٦٥) بڕگەى (۱_۲) لە یاساى کارى عێڕاقى ژمارە (۷۱ى ساڵى ۱۹۸۷)ى هەموارکراو خاوەنکار ناتوانێت کرێى مانگانەى کرێکار کەم بکاتەوە و لەکاتى کەم کردنەوەى کرێیەکەى نوێنەرانى یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران داکۆکى لە مافەکانیان دەکەن.


۱۲_ ئەو کرێکارانەى داواى پارەى پاداشتى کۆتایی خزمەت دەکەن بە هۆى پشوى فەرمى ماوەکەى زیاتر بوە لە (٤) چوار ساڵلە ڕێکەوتى (۱۱_۳_۲٠۲٠) تاکو (۱٠_٥_۲٠۲٠) بۆیان درێژ بکرێتەوە واتا بەدەر دەبێت لە ماوەى دیارى کراو.


۱۳_ دواى تێپەڕبونى (۳٠) سی ڕۆژ بەسەر پشوى فەرمى بە پێى مادەى (٦٥) بڕگەى (۱) لە یاساى کارى عێڕاقى ژمارە (۷۱ى ساڵى۱۹۸۷) ى هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەکاتى بوونى کێشە نوێنەرانى یاسایی بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى داکۆکى لە مافەکانیان دەکەن.


۱٤_ لێژنەکانى پشکنین دەبێت کارى ڕۆژانە ئەنجام بدەن بە پێى رێنمایی خۆپارێزى وەزارەتى تەندروستى و بەیانەکانى وەزارەتى ناوخۆ.


۱٥_ سەبارەت بە فرۆشتنى کەل و پەلى لەکارکەوتو کە هەموو ڕێکارەکان ئەنجامدراون بەڵام ڕێکەوتى مزایدە دەکەوێتە (۳٠_۳_۲٠۲٠) کە پشوى فەرمى بوو، دەبێت جارێکى تر ڕێکارى بڵاوکردنەوە ئەنجام بدرێت وە لە خاڵێک ئاماژە بکات ئەو کەسەى مزاەیدەکەى بۆ دەردەچێت هەردوو خەرجى بڵاو کردنەوەکەى دەکەوێتە ئەستۆ.


۱٦_ ئەو بەشەى لە باڵەخانەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران/ سلێمانى بەکرێ نەدراون دوواى (۳) سێ جار لە ئەنجامدانى کارى پێویست بە پێى یاساى فرۆشتن و بەکرێدانى موڵکوماڵى دەوڵەتى ژمارە (۳۲ى ساڵى ۱۹۸٦)ى هەموارکراو بەپێى یاسا لە مزایدەى سێیەم بۆ جارى دووەم بڵاو کردنەوەى بۆ بکرێت بۆ ئەوەى ڕیکارە یاساییەکان بە تەواوى جێ بەجێ بکرێت.


۱۷_ سەبارەت بە خەرج کردنى پارەى هاندەر (حوافز) بۆ مانگەکانى (۳_٤_٥_۲٠۲٠) لەبەر ئەوەى پارەى هاندەر بەرامبەر کارکردنى فەرمانبەران و داهاتە، لەبەر ئەوەى لە مانگى (۳) سێ هەمو مانگەکە دەوامى فەرمى نەبووە، بۆیە خەرج کردنى پارەى هاندەر بۆ مانگى (۳) سێ بەڕێژەى (٥٠٪) دەبێت و بۆ مانگى (٥) پێنج بەڕێژەى (۱٠٠٪) دەبێت، تەنها بۆ مانگى (٤) چوار خەرج ناکرێت لەبەر ئەوەى دەوام نەکراوە و هیچ داهاتێک نەبووە.












باسنیوز


Top