سەرچاوەیەك ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەنەكەسە و شاندی رووسیا ئاشكرا دەكات
دوابەدوای كۆبوونەوەیەكی سعود مەلا سەرۆكی ئەنەكەسە و شاندێكی رووسیا لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ، كە رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجام درا، هێزەكانی ئاسایشی پەیەدە چوار ئەندامی ئەنەكەسەیان دەستگیر كرد، كە یەكێكیان وەرگێڕی دیدارەكە بووە، لە میدیاكانیشدا وایان بڵاو كردەوە گوایە ئەنەكەسە و رووسییەكان باسیان لە پەیەدە و پەكەكە و ئەمریكا كردووە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگاداری كۆبوونەوەكە لە ئەنەكەسەوە دووپات كردەوە كە ئەوەی میدیاكانی پەیەدە بڵاویان كردووەتەوە، دوورە لە ڕاستی و هەڵبەستراوە، چونكە لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی ئەنەكەسە و رووسییەكاندا تەنها باسی یەكڕیزی كورد و ڕێگەچارەكانی بەردەم كورد لە سووریا كراوە.
هەروەها گوتی شاندی رووسیا پشتیوانیان خۆیان دەربڕیوە بۆ یەكڕیزی كورد و لێكدی نزیكبوونەوەی هێزە كوردییەكان، چونكە یەكڕیزی كورد دەشێ ببێتە هۆی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە بە هیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەكەدا باسی بابەتەكانی پەیوەست بە ئەمریكا و پەیەدە و پەكەكەوە نەكراوە.
ئاماژەشی بەوەدا كە پەیەدە بۆیە ئەم هەواڵانە هەڵدەبەستێ، دەیەوێ پەیامێك بە ئەمریكییەكان بگەیەنێ و وای پێشان بدات كە ئەنەكەسە دژی ئەمریكایە، بەڵام ئەمە دوورە لە راستییەوە.
باسنیوز
