حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێەبەجێکردنى رێککارەکان دەکات بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکانی
بەرپرسێکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى وەرگرتنەوەى قەرزەکانى لە بازرگانان، حکوومەت ریککارى تایبەتى گرتووەتەبەر ، کە لەمرۆوە دەست بەجێبەجێکردنى ئەو رێککارانە دەکرێ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیدا.
د. عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێرى لێژنەى باڵاى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى هەرێمی کوردستان راگەیاند: "یەکێک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى بریتییە لە وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکوومەت لاى بازرگانان، بەپێى مادە 13ى ژمارە دووى یاساى چاکسازیى، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى دارایى و ئابووریى پێشتر مۆڵەتێکى سێ مانگى دابوو بە بازرگان و کۆمپانیاکان بۆ گەڕاندنەوەى قەرزەکانیان".
راشیگەیاند: "ئەمڕۆ 10/5/2020 ئەو وادەیە تەواو بوو کە داندرابوو بۆ گەڕاندنەوەى قەرزى بازرگانان، بۆیە لە ئەمڕۆوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتى دارایى و بانکەکان و وەزارەتى داد، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنى رێککارى تایبەت بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانە لە بازرگانان".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بڕى ئەو قەرزەى حکوومەت کە لاى بازرگانان و کۆمپانیاکانە لەگەڵ ئەو بڕەی کە چووەتە سەر قەرزەکە، نزیکەى 800 ملیار دینارە".
روونیشیکردەوە" بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانەش وەزارەتى دارایى رێککارى تایبەت دەگرێتەبەر، ئەگەر ئەو بازرگانانە بڕى ئەو قەرزەى لایانە بۆ حکوومەتى نەگەڕێننەوە، ئەوا ئەو موڵکەى لەبەرامبەر پێدانى قەرزەکە لە رەهن داندراوە دەستى بەسەردا دەگیرێت بەپێى رێنماییى تایبەت".
باسنيوز
