"بەشێک لە فرۆشياران پێش بەربانگ دەقۆزنەوە بۆ ساغکردنەوەی خۆراک و کاڵای ماوە بەسەرچوو"

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت بەشێک لە بازرگان و دوکاندار و دەستگێڕەکان درەنگانێکی ڕۆژ و پێش بەربانگی ئێوارە بەدەرفەت دەزانن بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیبەتی سلێمانی، ڕایگەیاند: "قایمقامییەتی سلێمانی لە رێگەی ٣٨ لیژنەوە بەشێوەیەکی بەردەوام و لەبەرەبەیانێکی زووەوە تا درەنگانێکی شەو چاودێری دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکات و پشکنین بۆ ئەو کاڵا و شمەک و خواردەمەنییانە دەکات کە بە ھاووڵاتیان دەفرۆشرێت".

گوتیشی: "لەم مانگەدا لیژنەکانی قایمقامیەت سەردانەکانی خۆیان زیاتر دەکەن و پشکنیینەکانیان لەڕووی تەندروستی و سەلامەتی خۆراک و کوالێتی خۆراک و ڤێتێرنەری و نرخەوە بۆ ئەو خواردەمەنییانە ئەنجام دەدەن کە رۆژوەوان لەسەر سفرە و لەکاتی رۆژو شکاندن دەیخۆن، لەبەر ئەوە پێویستە سەرجەم ئەو شوێنانەی خواردەمەنی دەفرۆشن پایەندی سەرجەم مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە"‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشدا "بەشێک لە بازرگان و دوکاندار و دەستگێڕەکان، درەنگانێکی رۆژ و پێش بەربانگی ئێوارە بە دەرفەت دەزانن بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو، بۆیە بەپێی خشتەی کارکردنی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لیژنەی تایبەت دیاریکراوە بۆ رێگریکردن لەو کارە و سەرپێچیکارانیش رووبەڕووی رێککاری یاسایی دەکرێنەوە"‌.

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان داوا لە ھاووڵاتیان دەکات "لە کاتی کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانە بە وردی سەرنج لە رێککەوتی دروستکردنی ئەو خواردەمەنیانە بدەن کە دەیکڕن و لەکاتی ھەبوونی شتومەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لێئاگاداربکەنەوە"‌.










باسنیوز


Top