دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ هاووڵاتییە گیرخواردووەکان دەکرێتەوە
شێروان دوپردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ژمارەیەک هاووڵاتیی سنووری پارێزگای نەینەوا لە تورکیا گیریان خواردووە.
شێروان دوپردانی هەروەها رایگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممەی هەموو هەفتەیەک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەڕووی ئەو خەڵکانەی نەینەوا، کە لە تورکیا گیریان خواردووە، دەکرێتەوە.
دەروازەکە لە رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە لە کاتژمێر 8ـی سەرلەبەیانی تا 12ـی شەو دەکرێتەوە و خەڵکە گەڕاوەکەی نەینەوا بە گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان، دەگوازرێنەوە سنووری پارێزگاکەیان.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 3ـی ئەمساڵەوە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمیی کوردستانی بە رووی هاتوچۆی گەشتیاران، داخستووە.
باسنيوز
