كەركووك.. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر دوو گەڕەک
ئەمڕۆ شەممە 9/5/2020، بە بیانووی پشكنینی ماڵان هێزەكانی لیوای 61ی سەر بە حكوومەتی عێراقی لە كەركووك، هەڵیانكوتاوەتە سەر ژمارەیەك لە ماڵانی دوو گەڕەكی "پەنجا عەلی و راپەڕین"ی شاری كەركووك.
هەڵكوتانە سەر ماڵان و پشكنینیان، زیاتر بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەك و هەروەها بە بیانووی دەستگیركردنی تاوانبارانە، بەڵام هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكان زیاتر لەو گەڕەكانەی کە زۆربەی دانیشتوانەکەی كوردن ئەو كارە دەكەن.
لەو چوارچێوەدا، كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەمڕۆ شەممە 9/5/2020، ڕايگەیاند: "پرۆسەی هەڵكوتانە سەر ماڵانی گەڕەكەكانی كەركووك پێشتر هەبووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا و قەدەخەی هاتوچۆوە كەم بووبووەوە، ئێستا كاریگەریی كۆرۆنا كەم بووەتەوە و قەدەخەی هاتوچۆش بەتەواوەتی لە رۆژدا هەڵگیراوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان جارێكی تر ئەو كردەوەیە لەدژی دانیشتوانی گەڕەكەكانیان دەست پێ كردووەتەوە".
گوتیشی: "ئەو كردەوەیە كە لەدژی كوردانی شارەكە ئەنجام دەدرێت بۆ بێزاركردنیانە، تا ناچاریان بكەن، شارەكەیان بەجێ بهێڵن".
باسنيوز
