مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکات
سڵاوێکی کوردستانیانە....
ھیوادارم سەرکەوتووبی لە جێبەجێکردنی ئەو کارنامەی کە بڵاوتکردەوە، ھەرچەند شتێکی ئەوەندە زۆری بۆ ئێمەی کوردستانیان تێدانەبوو، بەڵام ئەوەندەش کە راتگەیاندوە لێی پەشیمان نەبیەوە...
ئێستا بووی بە سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراقی فیدراڵ، ئەو عێراقەی لەسەرەتای دروستکردنیەوە وەکو دەوڵەت پڕاوپڕبووە لە کێشە و، بارکراو و ھەڵئاوساوە بە تەنگوچەڵەمە و نادادپەروەری، ئەو عێراقەی کە دوو سێ ساڵ دوای دروستکردنی وەکو دەوڵەت، کوردستانەکەی ئێمەشی پێوەلکێندراوە، بۆچی و لەبەرچی حیکایەتێکی مێژووی سەدەی بیست و غەدرێکی مێژوویی و ....ھتد بووە؟! ئەو عێراقەی کە دەوڵەتەکەی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە سیاسەت و مێتۆدی چارەسەری کێشەکان و تەنگوچەڵەمەکانیان نەکردۆتە رێبازی خۆیان، بەڵکو سیاسەت و میتۆدی ئێدارەی کێشە و تەنگوچەڵەمەکانیان ھەڵبژاردوە ھەربۆیەیش کێشە و تەنگوچەڵەمەکان ساڵ لەدوای ساڵ و قوناغ بە قۆناغ (بەگۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیشەوە) بە چارەسەرنەکراوی لەسەریەکتر کەڵەکە کراون... لەبەرئەوەشە کە زەمینەی خوڵقاندنی تەنگوچەڵەمە لە عێراقدا زۆر لەبارە و ھەمیشەش زەمینەی رەخساو ھەیە و کۆمەڵێک فاکتەری بابەتی و زاتی وایانکردوە رەوشی عێراق ئاڵۆزبێ و تەنگوچەڵەمەکانیش بەردەوامیان ھەبێ.
بەرپرسان و حوکمڕانانی عێراق نەیانتوانیوە خۆیان لەو کولتوورە خراپە رزگاربکەن و ھەربۆیەش بە درێژایی ئەو سەد ساڵە لە عێراق سەرکردە و حوکمڕانێکی جیاواز لەپێشووی خۆی بەدینەکراوە و سەرکردەی مستقبلی کە لەگەڵ زەمەن و قۆناغی جیاوازی تێگەیشتنی مرۆڤەکان و ویست و خواستەکانیان بەشێوەیەکی بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ روداوو و پێشھاتەکان بکات، دروست نەبووە..!
بۆیە بەڕێزتان لە تاقیکردنەوەیەکی قوڕسدان، ئایە ھەمان رێبازی دەوڵەتمەدارەکانی پێش خۆت دەگریە پێش یاخود جیاواز لەوان سیاسەتێکی سەردەمی و مرۆڤدۆستانە دەگریە بەر و خەرمانی کێشە و تەنگوچەڵەمەکان گێرە و شەن و کەو دەکەی و ئومێد دەگێڕیەوە بۆ ژیانێکی شایستە و، ترسی رابردوو و ئێستا و ئایندەشی ناخەیە سەر....
ماویەتی...
مەحمود محەمەد
٨ـی٥ـی٢٠٢٠
