دكتۆر بەشیر حەداد داوای ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لە كازمی كرد
نووسینگەی حەداد بڵاوی كردەوە كە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق كردووە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان یەکێک بێت لە کاری لە پێشینەی کابینەکەی و کار بۆ جێبەجێکردنی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بکات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی پیرۆزباییکردن لە مستەفا کازمی بەبۆنەی متمانەپێدان بە کابینەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە، داوای لێ کردووە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بدات، کاریش بکات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی بنێرێت و پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە مستەفا کازمی وێڕای سوپاس و پێزانینی لە پشتیوانیکردن و متمانەپێدانی کابینەکەی، بەڵێنی دا ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نێوان ھەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور بدات و لەکاتی خۆیشیدا شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت و کاریش دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان.
باسنيوز
