دوو پڕۆژەی گەورەی كارەبا لە سۆران جێبەجێ دەکرێن
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، رايگەیاند: "خۆشبەختانە دوای دەرچوونی رەزامەندی بە چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بەشداریی وەزیری كارەبا و ژمارەیەك لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی كارەبا لە شاری سۆران دانراوە، لەوانە دانانی هێڵێكی 132 كەی ڤی و گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی كارەبای شارەكە و بە گوژمەی 6.700.050 ملیۆن دۆلار كە لەماوەی 180 رۆژدا لەلایەن كۆمپانیای هیرۆ جێبەجێ دەكرێت، هەروەها وەزارەتی كارەبا گرێبەستێكی واژۆ كردووە بەشێوەی وەبەرهێنان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە ئاو كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیا (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strong oil) لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێ دەكرێت".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، گوتیشی: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەكاتی خۆیدا نەتوانراوە دەست بەم پڕۆژانە بكرێت و كارەكانیان راگیراوە، بەڵام بەمنزیكانە دەست دەكرێت بە كارەكانی لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوبراو هەردوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێن، بە تەواوكردنیان، تا ڕاددەیەكی باش كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە سنوورەكەمان چارەسەر دەكرێن".
باسنيوز
