وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کاتی دەسپێکردنەوەی دەوامی زانکۆکان بڵاوکردەوە

 وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کاتی دەسپێکردنەوەی دەوامی زانکۆکان بڵاوکردەوە


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە دا کە ئەگەر بارودۆخی تەندروستی وەکو ئێستا باش بێت رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە دەست بە دەوامی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.



لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە پاش کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوکراوەتەوە و هاتووە" ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە".



ئەوەش خراوەتە ڕوو کە خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاکو دەستپێکردنەوەی خوێندنی نێوکامپەس.



ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-



چەند بڕیارێکى گرنگ لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى:

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی (٢٠٢٠/٥/٦) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس تاوتوێ کرا، بۆ ئەمەش تیشکمان خستە سەر دوا گۆڕانکارییەکانى ڕەوشی تەندروستی و بارۆدۆخی دارایی، لەم سۆنگەیەشەوە ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەرچی زوە هەمو هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس، ئەنجومەنى وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەى دەرکرد:

1. ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە.

2. خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاکو دەستپێکردنەوەی خوێندنی نێوکامپەس، و لەدوای ئەوەش پاڵپشت بە خاڵی (٩) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی هەژدەیەم لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)، خوێندنی ئەلیکترۆنی هاوشانی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس پەیڕەودەکرێت هاوشێوەی زانکۆ جیهانییەکان و بەمەبەستی دانەبڕانی خوێندکاران و قوتابیان لە سیستمە ستانداردە جیهانییەکان و تەکنەلۆجیای سەردەم.

3. ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی زانکۆیی بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) ڕێکخستەوە، هەروەها لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کارگێڕێ، زانکۆکان دەسەڵاتیان پێدرا بۆ گونجاندنی ساڵنامەکە لەگەڵ سیستمی خوێندن و تایبەتمەندێتی زانکۆکان.

4. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا سنوردارەی زانکۆ حکومییەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەبارەی پلانی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) کرد، هەروەها کۆبونەوەکە بە ووردی تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگاری و کێشەو گرفتانەی کە دێنە ڕێی زانکۆکان لە خوێندنی ساڵی داهاتودا وەک کەمی هۆڵ و تاقیگە و بەشی ناوخۆیی و توانا ماددی مرۆییەکان و هەروەها لەمپەرەکانی بەردەم سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد بۆ پێداچونەوە بە پلانی پێشکەشکراو لەلایەن زانکۆکان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، لە پێناو ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەوپەڕی تواناوە وەزارەتمان بەشێک دەبێت لە چارەسەری ئەم پرسە.

سەرجەم بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.








باسنيوز
Top