تاقمەکەی لاهوور جەنگی هەوڵدەدەن دامەزراوەکانی سلێمانی راستەوخۆ بە بەغدا ببەستنەوە

تاقمەکەی لاهوور جەنگی هەوڵدەدەن دامەزراوەکانی سلێمانی راستەوخۆ بە بەغدا ببەستنەوە
تاقمەکەی لاهوور جەنگی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دارودەستەکەیان، بە تەواوی دەست بە هەنگاوەکانی ڕادەستکردنەوەی سلێمانی بە عێراق دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش کار لەسەر بەستنەوەی دامەزراوەکانی سلێمانی بە بەغدا دەکەن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست کەوتووە، ئەو بەناو لامەرکەزیەتەی لە پاش وەرگرتنی دەسەڵاتەکانی نێو یەکێتی لە لایەن لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەکەیەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، بە جددی کاری بۆ دەکرێت و لەم چوارچێوەیەشدا وەک قۆناغی یەکەم، هەوڵەکانی بەستنەوەی راستەوخۆی دامەزراوە ناحکوومییەکانی سلێمانی بە بەغدا دەستی پێکردووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ”ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ٢٧ - ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٠، پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بەختیار ئەحمەد کوەیتی، سەرۆکی کارگەکانی کوردستان - سلێمانی کردووە و پێی گوتووە، نووسراوی فەرمیتان بۆ دەکەین تاوەکوو هەماهەنگی و پەیوەندیتان لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیی عێراق هەبێت و لە ڕێگەی ئەوانەوە کارەکانتان ئەنجام بدەن“. تەنانەت کەسێک بەناوی فەرهاد لە نووسینگەی لاهوور جەنگییەوە بۆ هەمان مەبەست پەیوەندی پێیەوە کردووە.

هەر لەمبارەیەوە ڕێبین فەتاح، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتارێکدا بەناونیشانی (مەرکەزیەت بۆ عێراق و نامەرکەزی بۆ کوردستان)، ئاماژەی بەوە داوە کە ”هەندێک لەوانەی داوای لامەرکەزیەت لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە ئاستی عێراق و لە پێوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر مەرکەزیەت دەکەن. ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بڕێکی باش لە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی عێراق بکرێت، لەناویاندا دەسەڵاتەکانی پێوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و داهات، ئەوەش هیچ نییە جگە لە دروستکردنەوەی سیستەمێکی مەرکەزیی لە عێراق، بەڵام بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیان وایە، دەبێت سیستەمێکی نامەرکەزی لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە پیادە بکرێت“.



ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە داواکاریی لامەرکەزیەت ”ڕووئیا و بەرنامەیەکی ڕوونی لە پشتەوە نییە، زیاتر لە هەڵچوونێکی توندی سیاسییەوە نزیکە، پەرچەکردارێکی دروستکردووە و لەناو ئەو پەرچەکردارەدا باوەڕی بەخۆی هێناوە و دەیەوێت ئێمەش باوەڕ بکەین کە ئەگەر بەشێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم بە بەغدا بدەین، دۆخێکی باشتر دروست دەبێت“.

هاوکات پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئەگەر دەسەڵاتەکان بە عێراق رادەست کرا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان مادام نەتوانن فشار لەسەر دوو حزبی فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئایا دەتوانن فشار لەسەر عێراق دروست بکەن تاوەکوو شایستە دارایی و ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستان بدات؟

ڕێبین فەتاح پێیوایە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان دوو خەباتیان لەبەردەمدایە، خەباتێک بەرامبەر بە ستەم و گەندەڵی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، خەباتێکیش بەرامبەر بە بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق، “ئەوەی دووەمیش لە بنەڕەتدا دەکرێت بە شەڕی نامەرکەزی لە عێراق دابنرێت!”. هەروەها دەپرسێت: “ئەگەر لەو باوەڕەداین نامەرکەزیەت لە ناوخۆی کوردستان کارگێڕییەکی باشتر، بەگەڕخستنێکی باشتری دارایی و ئابووریی، بەشدارییەکی کاراتری هاووڵاتییان و ...هتد دروست دەکات، بۆچی نامەرکەزیەت لە ئاستی عێراق هەمان ئەنجام ناپێکێت؟ یان بۆ مەرکەزیەت بۆ عێراق باشە و نامەرکەزیەت بۆ کوردستان فریادڕەسە؟”.

پێشتر چەندان کەسایەتی و لایەنی جیاواز رایانگەیاندبوو کە ئەو لامەرکەزیەتەی تاقمەکەی لاهوور جەنگی داوای دەکەن، ڕادەستکردنەوەی سلێمانییە بە بەغدا، تەنانەت بەرپرسانی یەکێتیش، لە نێویاندا ئەحمەد قەدەفەری و قادر ڕەزگەیی، جێگرانی مەڵبەندی هەڵەبجە و رانیەی حزبەکە، دژایەتییان بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕیبوو.

نامەرکەزیی ئیداری بەشێکە لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی پێشکەشکردنی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەکەی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لێکردووەتەوە، بە مەرجێک ئەم نامەرکەزییە لەژێر سەرپەرشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.










باسنیوز



Top