کەرکووک.. لە چوار رۆژدا31 كەس تووشی پەتای كۆرۆنا بوون
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/5/2020، كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "ژمارەیەی تووشبوانی پەتای كۆرۆنا كە لە كەركووك، لەوە زیاترە کە ڕاگەیەندراون، دەبینین لە چەند رۆژی رابردوودا لە شوێنەكانیتر ژمارەی توشبووان كەمی كردووە، كەچی لە كەركووك زیادی كردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "هەڵبەتە ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوون بووە بە رێنماییە تەندروستییەكان، لە كەركووك سەرەتا چەند خێزانێكی كەمی توركمانی شیعە كە سەردانی ئێرانیان كردبوو توش ببووبون، پاشان وردە وردە زیادی كرد".
لەبارەی ئەوەی كە ئیدارەی كەركووك بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوام و گشت بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی داوە لە رۆژدا، كامەران كەركووكی، گوتی: "ئەوەش تێكەڵاوێكی زۆری دروست کرد، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان خۆیان پابەندنی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن و خۆیان بەدوور بگرن لە قەرەباڵغی، چونكە پێشبینی دەكرێت كە ژمارەی توشبوان لە كەركووك زیاتر ببێت".
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا لە شاری كەركووك 31 كەس تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و تەنیا دوێنێ سێشەممە 12 كەس تووشی ئەو پەتایە بوون و چاودێرانی دۆخی تەندروستیش ئەو ژمارەیە بە مەترسی دەزانن.
هاوكات چاودێرانی دۆخی كەركووك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، هەر لە سەرەتاوە قەدەغەی هاتوچۆ لە كەركووك بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە و تەنیا دەروازەكانی شار داخراون، هەروەها چەند رۆژێكیش دەوامی فەرمانگەكانیش دەستی پێ كردەوە و لە گەرمەی كەرەنتینەدا لە شارەكانیتر كەچی بازاڕی گەورەی لای قەڵای كەركووك و سەر پردی خاسە و شوێنە گشتییەكانی تری شارەكە جمەی دەهات لە خەڵك.
باسنیوز
