ئەڵمانیا: دۆخی کەمپی پەنابەران لە یۆنان مایەی شەرمە بۆ وڵاتانی ئەورووپی
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (dw) گرد مولەر، وەزیری یارمەتییە ئاوەدانکردنەوەی ئەڵمانیا کەمپەکانی لە دوورگەکانی "لسبووس و موریا"ی لە یۆنان بەسەر کردووەتەوە و ئاشکرای کردووەتە کە زۆریی پەنابەران و ناستانداردبوونی شوێنی ژیان و گوزەرانیان مایەی شەرمە بۆ وڵاتانی ئەورووپی.
ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەو دۆخەی کە لەناو کەمپەکان هەیە، دۆخێکی دژە مرۆییە و بە هەزاران پەنابەر لەناو کەمپەکان بە زۆرەملێ نیشتەجێ کراون و لەناویدان ٢٠ هەزار ژن و منداڵ لە ژینگەیەکدا کە هیچ جۆرە پێداویستییەکی ژیان و گوزەرانی تێدا نییە، لەوپەڕی بێدەرتانیدا دەژین".
گرد مۆلەر، دۆخی ئەو کەمپانەی بە "مایەی شەرم"ی وڵاتانی ئەورووپی لەقەڵەم داوە و داوای پشتیوانیی ئەو پەنابەرانەی ناو کەمپەکان و دابینکردنی مافەکانیانی کردووە و ڕای گەیاندووە گواستنەوەی منداڵان بۆ وڵاتانی ئەرووپی ڕێگەچارەیان نییە.
چەند کەمپێک لە دوو دوورگەی "لسبووس و موریا"ی لە یۆنان کە لە بنەڕەتدا بۆ سێ هەزار کەس ساز کراون، ئێستا زیتار لە 20 هەزار پەنابەر تێیاندا نیشتەجێ کراون و ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەبوونی پێداویستیی تەندروستی و خواردن و مەترسییەکانی کۆرۆناش دۆخی ژیانیانی تاڵ کردووە.
دوو مانگ لەمەوبەر بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا دەرگای هەموو کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە تورکیا کراوەیەوە و بە سەدان هەزار پەنابەر ڕوویان لە سنوورەکانی یۆنان کرد، بەڵام یۆنان بەرەنگاری ئەو شەپۆلی پەنابەرانە بووەوە و کۆمەڵێکی زۆریان پەڕینەوە و کۆمەلێکی دیکەشیان گەڕانەوە ناو خاکی تورکیا و بەشێکیشیان لە خاڵە سنوورییەکان لە دۆخێکی زۆر ئەستەمدا دەژین.
باسنيوز
