سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە

 سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانتار ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كەیسی سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە.



ئومێد خۆشناو لە روونكردنەوەكەدا دەڵێ "بە پێویستی دەزانم ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی و پەرلەمانتاران وهەوادارانی بەڕێزی کۆمەڵی ئیسلامی بخەمەڕوو، دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێک تۆمەت و زانیاریی هەڵبەستراوی لەبارەی سەرۆکی حکوومەتەوە بڵاو کردەوە، جیا لە رێکارە یاساییەکان، لە پێناو رێزگرتن لە پەیوەندیی دووقۆڵی و ڕەواندنەوەی هەر هەڵە تێگەیشتنێک، سەرکردایەتی پارتی پەیوەندی بە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیەوە کردووە و داویان لێ کراوە کە ئەو پەرلەمانتارە هان بدەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی باسی کردوون یان بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنی یاسایی بکات، یاخود ئەگەر بەڵگەی نییە با داوای لێبووردن بکات".


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش داوە "دیارە دوای ئەوەی لەلایەن سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی قسە لەگەڵ ناوبراو کراوە، نە ئامادە بووە هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، نە ئامادەشە داوای لێبوورد نبکات، بۆیە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی سەرکردایەتیی پارتییان داوەتەوە و گوتوویانە ئێوە ئازادن رێکاری یاسایی بگرنە بەر".


ئومێد خۆشناو لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا دەڵێ "ئەمڕۆش جارێکی دیکە سۆران عومەر کۆمەڵێ تۆمەت و زانیاریی فابریکەکراوی بڵاو کردووەتەوە، دیسان دووپاتی دەکەینەوە ئەگەر ناوبراو دڵنیایە و دەتوانێ ئەو زانیارییانە بسەلمێنێت با بێت بەڵگەکانی بۆ لایەنی یاسایی بخاتە ڕوو، گەرنا با وەڵامدەری یاسا بێت".









باسنيوز
Top