عەلی عەونی: هەر سەرکردایەتیی یەکێتی بوون دەیانگوت سۆران عومەر لە خێڵی حەمە تاوانبارە
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لە نووسینێکیدا کە بە ناوی (سۆران عومەر و قەڵغانی پەرلەمان) لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”سەیرم پێدێت کە دەبینرێت زۆربەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بە خەیاڵ لە ئایدۆلۆژیا و رەفتاردا ناکۆکن لەگەڵیدا، دەیانگوت سۆران عومەر تاوانبارە بە کوشتاری خێڵی حەمە و کوشتنی سەرکردەکانیان و شوێنبزرکردنی رۆژنامەنووس محەمەد حەسەن“.
باسیشی لەوە کردووە کە هاتنە سەر هێڵی تاقمێکی یەکێتی بۆ ئەوەی لە کەیسەکەی سۆران عومەردا دادگا ڕۆڵی خۆی نەبینێت، جێگەی سەرسوڕمانە و ”وا دیارە دەیانەوێت پرۆسەی بەشینەوەی درۆ و بێڕێزی بەردەوامی ھەبێت“.
عەلی عەونی نایشارێتەوە کە ”لەوە سەیرتر، کەمپینبازە هەمیشەییەکان نایەنە سەر هێڵ و کۆڕەکەی بۆ گەرم ناکەن و نوێژی بەکۆمەڵی سەر کارتۆنی بیرەی بۆ نابەستن، مەبەستم لیستە هەمیشە ئامادەکەی (رێبێن، ئاسۆس، ئاراس،مەریوان، مەسعود،سەردار و...هتد)یە، هەر نەبێت بەیانێک دەربکەن“.
عەلی عەونی جەختی کردووەتەوە: ”نازانم کوێی ئەمە خراپە، ئەگەر بە رێگای شارستانی و یاسایی داوای مافی خۆت بکەیت؟ نە ئەو بێڕێزییە بە سەرۆکی حکوومەت بکە و نە باز بدە دەستی کاک مەلا بەختیار و ئەوانی دیکە ماچ بکە و لێیان بپاڕێوە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی لێت خۆش ببێت وەک جاری رابردوو“.
باسنيوز
