فازڵ میرانی: شەممەی داهاتوو هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

فازڵ میرانی: شەممەی داهاتوو هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.

کەمێک لەمەوبەر و لە میانی سەردانیکردنی پارێزگای هەولێر، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رای گەیاند: ”ئێمە بە تیمی خۆمان لە حکوومەت سەرفرازین، ئیشی باشیان کردووە و بەرهەمەکەیان دیارە. حکوومەتی ئێمە دەستپێشخەر بووە، لە بابەتی کۆرۆنا سەرەتا توندی کرد و ئێستا وردە وردە ئاسانکاری دەکەن. بەو هیوایەین ئەم ئیشکردنە بە جددییەتی حکوومەت بەردەوام بێت و میللەتیش پشتیوانی لە حکوومەت بکەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە دەبێت هێزە سیاسییەکان ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و نەیخەنە نێو حکوومەت.

فازڵ میرانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رۆژی شەممەی داهاتوو هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.

لەبارەی داواکاریی لامەرکەزیەتی سلێمانیش رای گەیاند: ”مەرکەزیەت کاریگەری زۆرە، بەڵام لە سلێمانیش پڕۆژەیەک ئامادە دەکرێت، دەبێت ئەم پرۆژەیە بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، لەوێشەوە ئەگەر پێویستی بە یاسا بێت، دەبێ بۆ پەرلەمان بگەڕیتەوە. ئەم فیدرالیەتەمان بە یاسا بەڕێوە دەچێت، یاساکانیش لە پەرلەمان دەردەچێت، نابێت شتێکی پێچەوانەی یاساکە بکرێت، دەبێت یاسایەکی تازە بکرێت، هەولێر زیاتر پێویستی بە لامەرکەزیەت هەیە بەو مەفهومەی ئەوان“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵوێستیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران هاوشێوەی هەڵوێستی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ”دژی موچەبڕینین، دەبێ بپرسین خەڵکی ئەم وڵاتەین یان نا؟ ئەگەر خەڵکی ئەم وڵاتەین، دەبێ مافمان هەبێ و ئەرکیشمان هەبێت. لەبارەی حکوومەتی تازەش واباشە خەڵکی کوردستان یەکهەڵوێست بین بەرامبەر بە حکوومەتی تازەی عێراق“.












باسنيوز



Top