فەرەنسا هەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات

فەرەنسا هەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات
حکوومەتی فەرەنسا هەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات.

سەرچاوەیەک لە رۆژئاوای کوردستانەوە رایگەیاند، شاندێکی فەرەنسی ماوەی هەفتەیەکە لە کێڵگەی نەوتی رمێلان لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، کۆ دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند، کە حکوومەتی فەرەنسا هەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سووریا و یەکخستنی داواکارییەکانیان.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هەردوو وڵاتی ئەمریکا و رووسیاش هەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدەن، بەڵام ویستی رووسەکان لە ویستی ئەمریکییەکان جیاوازە، ”رووسەکان هەوڵی یەکخستنی لایەنە کوردییەکان لە رۆژژئاوای کوردستان بۆ دانوستاندن و نزیککردنەوەیان لە رژێمی سووریا، دەدەن“.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ده ست گەیشتوون، ئەمریکی و فەرەنسییەکان بە مەبەستی دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکدەنگ لە رۆژئاوای کوردستان، هەوڵی یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدەن.

سەرچاوەکەی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، رووسیا و فەرەنسا لە یەک خاڵدا هاوبەشن، کە بریتییە لە دەرکردنی هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و پێدانی مافی چارەی خۆنووسین بە گەلی کوردستان لەو بەشەی کوردستان.










باسنیوز




Top