ڤیان سەبری: فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەرنامەی هاوبەشمان بۆ كابینەی كازمی هەیە
سەرۆکی فرکاسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، وا بریارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق كۆ بێتەوە و متمانە بە كابینەكەی مستەفا كازمی ببەخشێت و دەڵێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەرنامەی هاوبەشیان هەیە.
لەمبارەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: "وا بڕیارە لەم چەند ڕۆژی داهاتوودا لە پەرلەمان دەنگ بە كابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدرێت، بۆ ئێمەی كوردیش ئەم كابینەیە و یەکهەڵویستیی كورد گرنكە و ئێمە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەرنامەی هاوباشمان هەیە كە پێشكەشی كازمی بکەین و لەو بەرنامەیەدا باس لە بێر و بۆچوونی كورد لە حكوومەتی نۆی عێراق، هەروەها ئالیەتەی چارەسەركردنی كێشەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و شەراكەت و یەكسانی و ڕێککەوتن کراوە".
ڤیان سەبری راشی گەیاند: "پێویستە حوكمڕانی لەسەر بنەمای شەراكەت و ڕێککەوتن و یەكسانی بەپێی دەستوور بەشداریی یەكسانی هەرێمی كورستان لە سامان و بوودجە و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بێ و بەپێی دەستوور و بە گفتۆگۆ ڕێكکەوتن، بەتایبەتی پرسی بوودجە بە شێوەیەك بێت كە مافی گەلی كوردستانە كە مووچە بەردەوام بێت و حكوومەتی دەستوری و هاووڵاتیبوون، خزمەتەگوزاری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بێت".
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراق، مستەفا كازمی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 كابینەكەی پێك بهێنێت و پێشكەشی پەرلەمانی بكات.
باسنیوز
