ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان نیوەی ساڵی ڕابردووە

 ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان نیوەی ساڵی ڕابردووە


بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشکرای کرد ئاستی ئاوی بەنداوەکە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ نیوە کەمی کردووە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕاگەیاند: "ساڵی ڕابردوو نزیکەی١٣٠٠ میلیمەتر باران لە سنووری دەربەندیخان باری بەوەش قەبارەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گەیشتە دوو ملیار و ٤٥٠ ملیۆن مەتر سێجا".

گوتیشی: "بەڵام ئەمساڵ کە لە کۆتایی وەرزی بارانبارینداین نزیکەی٦٠٠ میلیمەتر باران باریوە، بەوەش ئاستی ئاوی دەربەندیخان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ نیوە کەمی کردووە بۆ یەک ملیار و٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجایە و شەش مەتریش دابەزیوە".

بە گوتەی ڕەحمان خانی، بەو ھۆیەوە وەک ساڵی ڕابردوو ناتوانرێت ئاوی بەنداوەکە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی کارەبا بەر بدرێتەوە.

بەنداوی دەربەندیخان بەنداوێکی گڵ و بەردینە و ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەمریکی و فەڕەنسی و ڕۆمانی دروست کراوە کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە و لەدوای بەنداوی دووکان دووەم بەنداوی گەورەیە لە ھەرێمی کوردستان کە لە بواری ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و گەشتیاری و بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و سامانی ماسی سوودێکی زۆری لێ وەردەگیرێت.









باسنيوز
Top