بەرپرسێكی پێکهاتەی شیعە: لەناو كەركووك دەیان شانەی نوستووی داعش هەیە

بەرپرسێكی پێکهاتەی شیعە: لەناو كەركووك دەیان شانەی نوستووی داعش هەیە
بەرپرسی لقی كەركووكی رەوتی حیكمە ڕای دەگەیەنێت، لەناو شاری كەركووك دەیان شانەی نوستووی داعش هەیە و زیاتر لە دوو ساڵە دۆخی شارەكە ئارام نییە و دەروازەكانی كەركووك بەڕووی داعشدا کراوەن."

ئەمڕۆ شەممە 2/5/2020، نەجات حوسێن، بەرپرسی لقی كەركووكی رەوتی حیكمە، ڕایگەیاند: "زیاتر لە دوو ساڵە دۆخی ئەمنیی كەركووك ئارام نییە، چونكە ئێستا سەدان شانەی نوستووی داعش لەناو شارەکەدان، هەروەها بەشێك لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووكیش شەوان بەدەست داعشەوەیە، پێشتریش داعش هەر كۆتایی پێ نەهێنرابوو، بەتایبەتی لە باشووری كەركووك، بۆیە داعشەكان وەك خۆیان ماون و بەشێكیان ریشیان تاشی و بە جلی مەدەنییەوە هاتنە ناوشار".

نەجات حوسێن كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەروازەكانی كەركووك بۆ چەكدارانی داعش كراوەیە و بە ئارەزووی خۆیان هاتوچۆ دەكەن، بەڵام تاكوو ئێستا بڕیارێكی وایان نەداوە كە وەك پێشتر ناحیەیەك داگیر بكەن، ئەگەر بڕیار بدەن دەتوانن بیكەن، بۆیە كەركووك دۆخەكەی زۆر مەترسیدارە و پێویستە چارەسەرێك بۆ دۆخی ناجێگیری کەرکووک بدۆزرێتەوە".

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی داگیر كرا و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنیی شارەكە ناجێگیرە و داعش لە دەوروبەری كەركووك بەردەوام هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و گوندنشینان، هەروەها هەفتەی رابردووش دوو چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر دەزگای هەواڵگیریی عێراق لە ناوەندی شاری كەركووك كە لە ئەنجامدا یەكێك لە چەكدارەكان خۆی تەقاندەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش كەس و چەكدارەكەی دیكەشیان بۆ شوێنی نادیار هەڵهات.









باسنیوز


Top