ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە چوار مانگی رابردوودا 25 هاوڵاتی كورد لەسێدارە دراون
بەپێی ئامار و داتای ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا دەزگای دادوەریی ئێران لە چەند گرتوووخانەیەکی ڕۆژهەڵات و ئێران 13 بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی نیسانی (ئاوریل)ی٢٠٢٠دا، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی لانیکەم 13 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، برووجێرد، سنە و ورمێ جێبەجێ کراوە.
لە کۆی ئەو سێزدە کەسە کە لەسێدارە دراون و ناسنامەی هەموویان ئاشکرا بووە، کەسێک بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، کەسێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و 11 کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست (قەتڵ) دەستبەسەر و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها، زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان کە ٨ حاڵەت بووە، لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە. دوو کەس لە کرماشان، دوو کەس لە ورمێ و کەسێکیش لە لوڕستان لەسێدارە دراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە لانیکەم 25 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٢ حاڵەت و لە مانگی چوارەمدا ١٣ حاڵەت تۆمار کراوە.
باسنیوز
