لە سنووری كەركووك دەست بەسەر پێنج مۆڵگەی داعشدا گیرا

لە سنووری كەركووك دەست بەسەر پێنج مۆڵگەی داعشدا گیرا
لە سنووری پارێزگای كەركووك، دەست بەسەر پێنج مۆڵگەی چەكدارانی داعشدا گیرا و هاوكات فەرماندەیەكی پێشمەرگەش باس لە هۆكارەكانی زۆربوونی جموجۆڵی داعش لە سنووری کەرکووک دەكات.

بەپێی ڕاگەیاندنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 29/4/2020، بڵاو كراوەتەوە و ، تێیدا هاتووە، لە گوندی (گەرحەكازان)ی سەر بە كەركووك، هێزێكی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، دەستیان بەسەر پێنج مۆڵگەی داعشدا گرتووە كە 20 بۆمبی چێندراوی تێیدا بووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە سنووری هەمان گوند، دوو تیرۆریست دەستگیر كران كە بەپێی مادەی 4ی تیرۆر لە یاسای سزادانی عێراقی داواكراون.

هاوكات لەبارەی زۆری جموجۆڵی داعش لە سنووری كەركووك، عادل كاكەیی، فەرماندەی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی، ئەمڕۆ چوارشەممە 29/4/2020، ڕایگەیاند: "هەڵبەتە تیرۆریستانی داعش ئێستا جموجۆڵەكانیان زیادی كردووە، بەهۆی ئەوەی خاكێكی زۆر لە سنووری پارێزگای كەركووك هیچ هێزێكی ئەمنی تیدا نییە، بۆیە داعش ئەو هەلەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن بكەن و ئینجا لێرەو لەوێ هێرشی تیرۆریستی بکەن".

گوتیشی: "ئەم دۆخە نەخوازراوەی كە لە ناوچەكە بەگشتی هەیە دیارە كە بەهێزە عێراقییەكان چارەسەر نابێت، چونكە لەڕووی تەكتیكیی سەربازیشەوە لاوازن، بۆیە پێویستە رێككەوتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، چونكە بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە دۆخەكە بگرە بەرەو خراپتریش دەڕوات".










باسنیوز


Top