حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەنامەی یاسایی وەڵامی حکوومەتی عێراق دەداتەوە
لە نامەکەدا کە چەندین خشتەی لەگەڵ هاوپێچ کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی مافی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە هاوشانی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی گشتیدا ئەنجام دەدەن.
گرنگترین خاڵەکانی وەڵامنامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
- بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نایاسایی و نادەستوورییە.
- حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2019 پێشوەختە پارەی رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە.
- هەرچەندە پێشمەرگە بە پێی دەستووری عێراق بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە شەڕی دژی تیرۆر بینیوە و قوربانییەکی زۆری داوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ مووچە و شایستەیەکی دارایی بۆ پێشمەرگە خەرج نەکردووە.
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا میوانداریی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر و ئاوارەی کردووە، بەتایبەتیش ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراق کە بە تەنیا بەرپرسیارێتیی خەرجییەکانی لە ئەستۆ گرتووە و حکوومەتی عێراق لەم رووەوە هیچ هاوکارییەک و یارمەتییەکی پێشکەش نەکردووە.
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی بە سەرجەم ئەو زیانانەوە هاوپێچ کردووە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە 1963 تا 2003 بە هەرێمی کوردستانیان گەیاندووە کە دەکاتە بڕی (384.698.302.600) سێسەد هەشتا و چوار ملیار دۆلار و شەسەت و نەوەت و هەشت ملیۆن و سێسەد و دوو هەزار و شەس سەد دۆلار.
باسنيوز
